قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: کەمپی هۆل هەڕەشەی ئەمنییە لەسەر عێراق

15-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، نزیکەی 5000 خێزانی عێراق لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە. قاسم ئەعرەجی بە رووداوی گوت، کەمپەکە هێشتا هەڕەشەی ئەمنییە و بە "بۆمبی تەوقیتکراو" ناوی دەبات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمپی هۆل هێشتا هەڕەشەی ئەمنییە لەسەر عێراق و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە. ئێمەش بە هەموو توانامانەوە کار بۆ داخستنی دەکەین."
 
سەبارەت بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆسیەی کەمپەکە، قاسم ئەعرەجی گوتی: "هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هەیە، بۆ هاندانی وڵاتان بۆئەوەی هاووڵاتییانیان لە کەمپەکەوە بگەڕێننەوە."
 
بڕیارە لە 26ی ئەیلوول لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بە بەشداری سەرۆککۆمار، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، نوێنەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دژی داعش کۆنفرانسێک لەبارەی دۆسیەی کەمپی هۆل بکرێ.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەو بارەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند: "عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کەمپی هۆل ساز دەکات، ئەوەش بە مەبەستی هاندانی 42 وڵات تاوەکو هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکەوە بگەڕێننەوە."
 
قاسم ئەعرەجی گوتی، عێراق لە دۆسیەی کەمپی هۆلدا پشتگیریی تەواوی دۆستەکانی هەیە، "لەپێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
 
25ی مانگی رابردوو، تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کەناڵی رووداودا گوتی: "ئێمە لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رێککەوتووین، بۆ پشتگیریکردنی وەزیری کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە پێدانی 2.4 ملیۆن یۆرۆ، بۆ دامەزراندنی سیستمێکی زۆر قووڵ و کارا بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆل دەگەڕێنەوە."
 
قاسم ئەعرەجی گوتی: "عێراق پارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بە نەختینەیی وەرناگرێ، بەڵکو پشتیوانییەکان بە شێوەی بەرنامە یان دابینکردنی پێداویستییە."
 
لە ماوەکانی رابردوودا باس لەوە دەکرا ژمارەیەک خێزان لە کەمپی هۆل هەن کە نایانەوێ کەمپەکە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە عێراق، بەپاساوی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و دەناسرێنەوە.
 
لەوبارەیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە کە هیچ خێزانێک خواستی گەڕانەوەی نەبێ. تاوەکو ئێستاش لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەکاندا شێوازی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بەکاردەهێنین."
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کەمپی هۆل، نزیکەی 27 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێکراون.
 
پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە. رۆژی 11ی ئەم مانگەش 29ـەمین کاروانی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپەکە گەیشتە نەینەوا کە ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو.
 
ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا لە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ جێگیردەکرێن کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ "سەنتەری هیوا"؛ لەو سەنتەرەدا پرۆسەی شیاندنەوە و ئامادەکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەکانیان بەڕێوەدەچێت
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە