رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: نووسینگەی سوودانی.
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سودانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەوحە کۆبوونەوە؛ تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پەیوەندیی دووقۆڵیان کرد. نووسینگەی سوودانی رایگەیاند، ئەردۆغان ستایشی رۆڵی عێراقی کردووە لە پشتگیریکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 لە پەراوێزی لووتکەی نائاسایی عەرەبی- ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان ستایشی رۆڵی "کاریگەر"ـی عێراقی کرد لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و پەرۆشی عێراق بۆ ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئەو پشتگیرییەی کە پێشکێشی کردووە بۆ رێککەوتنی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو و تێیدا ئەو پارتە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، سوودانی و ئەردۆغان، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و رێگاکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان کردووە. هەروەها جەختیان لەسەر کاری هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی کرایەوە بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکارییە بەردەوامەکان و "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان" لە غەززە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، لەوانەش دەستدرێژییەکەی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر.
لووتکەکەی دەوحە، کە زیاتر لە 50 سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کۆکردەوە، دوای هێرشەکەی 9ی ئەم مانگەی ئیسرائیل هات بۆسەر شاندی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
سوودانی سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ هاوکارییەکانی لەبارەی قەیرانی ئاوەوە کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ