سوپای ئیسرائیل: بەمنزیکانە دەست بە هێرشی زەمینی بۆسەر باکووری غەززە دەکەین

15-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووبارە داوا لە فەلەستینییەکان دەکات، باکووری کەرتی غەززە چۆڵ بکەن و دەڵێت، "لە ماوەیەکی نزیکدا" هێزەکانیان دەست بە چڕکردنەوەی بۆردوومانەکانیان دەکەن.
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "ئەمە بۆ سەلامەتیی خۆتانە. لە ماوەیەکی نزیکدا زۆر بە بەرفراوانی شاری غەززە بۆردوومان دەکەین."
 
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئیسرائیلییە حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی خەڵکی سڤیل وەکو "قەڵخانی مرۆیی" بەکاردەهێنن.
 
ئیسرائیل داوای لە نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن پێش ئەوەی هێرشێکی زەوینیی چاوەڕوانکراوی بکاتەسەر.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "حەماس دەیەوێت خەڵکەکە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاربهێنێت. حەماس دەیەوێت خەڵکی غەززە بریندار بن بۆئەوەی پێشانی جیهانی بدات خەڵکەکەیان بریندار دەکرێن و دەکوژرێن. ئێمە دانیشتووانی شاری غەززە هان دەدەین بچنە باشوور بۆ ئەودیوی وادیی غەززە. حەماس دەیەوێت ئێوە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاربهێنێت. ئەمەی دەیڵێین بۆ سەلامەتیی خۆتانە. بەمنزیکانە زۆر بە بەرفراوانی دەست بە بۆردوومانکردنی غەززە دەکەین."
 
"تەرمی چەند کەسێکمان لە غەززە گەڕاندوونەتەوە"
 
گوتەبێژێکی دیکەی سوپای ئیسرائیل بەناوی پیتەر لێرنەر رایگەیاند، سەربازەکانیان تەرمی ژمارەیەک هاووڵاتیی ئیسرائیلییان لەنێو کەرتی غەززە گەڕاندووەتەوە، لەکاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەیە بەشێک لەو تەرمانە، ئەو کەسانە بن کە لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیرابوون.
 
لە هێرشەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەمدا بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە، چەکدارانی حەماس ژمارەیەک ئیسرائیلی و هاووڵاتییانی خاوەن دوو وڵاتینامەیان رفاندن. ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 126 کەس لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیراون.
 
پێش هێرشی چاوەڕوانکراوی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت سەربازەکانی ژمارەیەک وردە ئۆپەراسیۆنیان کردووەتە سەر کەرتەکە، رووبەڕووی چەکدارانی حەماس بوونەتەوە و بەدوای دیل و بارمتەکاندا گەڕاون.
 
بە گوتەی پیتەر لێرنەر، "هەندێک سەرباز و هاووڵاتیی ئیسرائیلی ‌هێشتا بێسەروشوێنن و نازانین لە کوێن. بۆیە هەندێک ئۆپەراسیۆن لە نزیک شوێنی بەرگریی ئێمەن، کە هێزی تایبەت، هێزی وشکانی، تانک و تۆپیش تێیدا بەشدارن بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەو خەڵکەی کە رەنگە لەکاتی هەڵاتن یان بەدەستی تیرۆرستانی حەماس لە کەرتی غەززە کوژرابن. ئەوە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەمانە. هێشتا خەڵکی بێسەروشوێن هەیە. هێشتا تەرمی ونبوو هەیە. ژمارەی مردووان تاوەکو دێت زیاتر بەرزدەبێتەوە چونکە ئێمە قوربانیی زیاتری ئەم قەسابخانەیە دەدۆزینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە