نەتەوە یەکگرتووەکان: لە غەززە یەک ملیۆن کەس بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون

15-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تائێستا بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیلەوە، یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023 دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاڵپشتی پەنابەرانی فەلەستینی دەکات، رایگەیاند "لانیکەم یەک ملیۆن کەس لە غەززە بێ ماڵن و ئاوارەبوون."
 
جولیەت تۆما، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئاژانسی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNRWA گوتی، "ئەگەری زۆر هەیە ئەو ژمارەیە زیادبکات، چونکە خەڵک بەردەوامن لە چۆڵکردنی ماڵەکانیان."
 
یەکشەممەی رابردوو 8-10-2023 ئیسرائیل جەنگی لە دژی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند، حەوت رۆژە شەڕ بەردەوامە و تائێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 2 هەزار و 670 کەس "کە زۆربەیان سڤیل و زیاتر لە 720یان منداڵن" لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە کوژراون و لانیکەم 3 هەزار و 400 کەس بریندارن. 
 
ئەوەش دوای ئەوە هات کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند.
 
ئیسرائیل هەوڵدەدات تۆڵەی خراپترین هێرش لە مێژووی خۆیدا بکاتەوە، کۆمکاری عەرەبی و یەکێتیی ئەفریقا هۆشدارییان دا کە لەشکرکێشییەکە دەتوانێت ببێتە هۆی "کۆمەڵکوژییەکی بێوێنە".
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ لوبنان گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل سەربازەکانی بنێرێتە ناو غەززە، هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و فراواننەبوونی ململانێکان بکات".
 
گوتیشی "هەرکەسێک ئارەزووی ئەوە دەکات شەڕ بوەستێت، دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو هەموو هێرشە وەحشیگەرییە بکات کە دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە."
 
یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە نەماندەویست شەر لەگەڵ لوبنان بکەین و دۆخەکە خراپتر بکەین، ئەگەر حیزبوڵڵا شەڕی دەوێت، باجێکی قورس دەدات. بەڵام ئەگەر دانبەخۆدا بگرێت ئێمە رێزی ئەوە دەگرین."
 
سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی گوت، "ئەگەر دەتانەوێت سەلامەت بن، بڕۆنە بەشی باشووری غەززە." بەڵام سوپای ئیسرائیل دەستی لە باشووریش نەپاراست و ناوچەی رەفەحی بۆردوومان کرد.
 
لە رۆما، پاپا فرانسیس داوای کرد "رێڕەوی مرۆیی لە غەززە بکرێتەوە. منداڵان، نەخۆشەکان، بەساڵاچووان، ژنان و سڤیلەکان نەبنە قوربانی ململانێکان. پێشتر مردن زۆر هەبووە، تکایە با چیدیکە خوێنی خەڵکی بێتاوان نەڕژێنرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە