رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئەمریکا بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی شیفایە". ئیسرائیلیش دەڵێت "بەهۆی گومانی هەبوونی چەکدارانی حەماس گەمارۆی نەخۆشخانەکەی داوە". بەرپرسێکی کۆشکی سپیش دەڵێت، "ئەمریکا پشتگیریی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە ناکات".
درەنگی شەوی سێشەممە، 14-11-2023، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئێمە داگیرکەرەکان [ئیسرائیل] و بایدن بە بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا دەزانین."
راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە کۆشکی سپییە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە "بە بیانووی ئەوەی چەکدار و چەک لەنێو نەخۆشخانەکە هەن"، هێرش بکەن و "کۆمەڵکوژیی زیاتر" بکەن.
رۆژی چوارشەممە، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاند کە ئەوان "ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و دیاریکراو" دەکەنە سەر چەند خاڵێکی نەخۆشخانەی شیفا بە "گومانی هەبوونی نێوەندێکی فەرماندەیی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکە."
بەرپرسێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی، "ئێمە پاڵپشتیی بۆردوومانی نەخۆشخانە و شەڕکردن لەنێو نەخۆشخانە ناکەین کە ببینین خەڵکی بێدەرەتان و بێچارە بکەونە نێو ئەو شەڕە."
رۆژی سێشەممە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا "زانیارییەکەی ئیسرائیلیان پشتڕاست کردبووەوە کە حەماس نێوەندێکی ئۆپەراسیۆنی لە ژێر نەخۆشخانەکەدا هەیە." بایدن هەروەها داوای پاراستنی نەخۆشخانەکەی کردبوو.
ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر شەڕەکەی حەماس-ئیسرائیل تێدەپەڕێت. کۆی گشتیی ئەوانەی کە لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لە کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتووەتە لانیکەم 11 هەزار و 240 کەس کە لەنێویاندا لانیکەم چوار هەزار و 630 منداڵ و سێ هەزار و 130 ژن هەن. هەروەها لانیکەم 27 هەزار و 490 کەسی دیکە برینداربوون، کە هەشت هەزار و 663یان منداڵن، ئەوە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە.
لە کەرتی رۆژئاواش لانیکەم 183 فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون کە 44 منداڵ و ژنیان لەنێودایە، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 400ی دیکەشیان برینداربوون.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لە ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا هەزار و 200 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 600ی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ