رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار لەنێو نەخۆشخانەی شیفا دەکەن، تیمی پزیشکی و کەسانی عەرەبیزان لەگەڵ خۆیان دەبەن. بەرپرسێکی سوپاش دەڵێت، "حەماس نەخۆش و نەخۆشخانەکان وەک قەڵخان بەکاردەهێنن و ناهێڵن خەڵکەکە خۆیان رزگار بکەن." بزووتنەوەی حەماسیش ئەمریکا بە بەرپرسی یەکەمی هێرشەکە دەزانێت.
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و ورد لەدژی حەماس لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی نەخۆشخانەی شیفا ئەنجامدەدەن."
هێزەکانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەوان ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا ئەنجامدەدەن و دەیانەوێت "حەماس تێکبشکێنن و بارمتەکانی خۆیان رزگاربکەن." بەگوتەی خۆیان، "ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە جەنگدایە نەوەک لەگەڵ سڤیلەکانی غەززە."
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی ئیسرائیل، "هێزەکانمان تیمی پزیشکی و قسەکەرانی عەرەبییان لەگەڵدا دەبێت کە راهێنانی تەواویان لەسەر ئەوە وەرگرتووە چۆن لەو کەشە مامەڵە بکەن، نیازمان زیان گەیاندن نییە بە هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل کە لەلایەن حەماسەوە وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن."
هەروەها بەشی کۆتایی بڵاوکراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل چەندین جار بەرپرسانی غەززەیان ئاگادارکردووەتەوە کە "چالاکیی سەربازیی" لەو نەخۆشخانەیە هەیە و بەمجۆرە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هیچ پارێزبەندییەک لەسەر نەخۆشخانەکە نامێنێت. هێزەکانی ئیسرائیل گوتیشیان، "دوێنێ ئاگاداری دەسەڵاتدارانی غەززەمان کردەوە کە 12 کاژێریان لەبەردەمە بۆ وەستاندنی هەر چالاکییەکی سەربازی، بەڵام بەداخەوە نەوەستان. ئێمە داوا دەکەین تیرۆریستانی حەماس خۆیان بەدەستەوە بدەن."
چەند کاژێرێک دوای راگەیێندراوەکە، کۆڵۆنێل ئامنۆن شێفلەر، ڤیدیۆیەکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "لەکاتێکدا ئێمەی ئیسرائیل و چەندین وڵاتی دیکە هەموو هەوڵێک دەدەین ئازاری نەخۆش و بێدەسەڵاتەکانی نێو نەخۆشخانە نەدەین، حەماس ئەوان وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەبەرەی پێشەوەی شەڕیان دابنێت."
شێفڵەر لە بەشی دووەمی ڤیدیۆکەیدا وێنەی کەسێک پێشان دەدات و دەڵێت، "ئەوە ئەحمەد سیامە، دوێنێ لەنێو نەخۆشخانەی رەنتیسی کاری تیرۆریستیی کردووە و هەزار نەخۆش و کارمەندی تەندروستی بە بارمتە گرتووە. ئەو نەیهێشتووە ئەوان لە نەخۆشخانەکە دەربچن و ئەوانی کردبووە قەڵخانی خۆی. ئێمە دەزانین حەماس چەندین ساڵە ئەو کارە دەکات، ئەوان نەخۆشخانە، باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان بەکاردەهێنن بۆ بەرگریی کردن لەخۆیان. ئێمەش دژی ئەوەین."
لە دوایین راگەیێندراویدا، درەنگی شەوی چوارشەممە، 14-11-2023، بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، "ئێمە داگیرکەرەکان (ئیسرائیل) و بایدن بە بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا دەزانین."
راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە کۆشکی سپییە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە "بە بیانووی ئەوەی چەکدار و چەک لەنێو نەخۆشخانەکە هەن" هێرش بکەن و "کۆمەڵکوژیی زیاتر" بکەن.
دوای 40 رۆژی جەنگ، تائێستا زیاتر لە 12 هەزار و 600 کەس لەهەردوولا کوژراون و 35 هەزار و 490 کەسیش بریندابوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ