رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لای راست، جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و لای چەپ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، "جیهان شاهێدی کوشتنی ژن و منداڵانە لە فەلەستین، دەبێت ئیسرائیل بووەستێت". سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە وەڵامدا گوتی، ئیسرائیل ویستوویەتی ئازاری خەڵکی سڤیل نەدات بەڵام "حەماس ئەوان دەخاتە نێو مەترسی شەڕەوە".
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس وەڵامی چەند لێدوانێکی سەرۆکوەزیرانی کەنەدای دایەوە و رایگەیاند، "ئەوە ئیسرائیل نییە کە بە ئەنقەست خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج، ئەوە حەماسە کە سەری جووەکانی بڕی، ئەوانی سووتاند و بە دڕەندەترین شێوە کۆمەڵکوژی کردن، تاوانێک لە هۆڵۆکۆستەوە دووبارە نەکرابووەوە".
بەگوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هەموو شتێک دەکەن بۆ لادانی سڤیلەکان لە شەڕ، بەڵام حەماس ئەوان دەهێنێتەوە نێو مەترسیی شەڕ. ئیسرائیل رێڕەوی مرۆیی و زۆنی ئارام بە خەڵکە سڤیلەکەی غەززە دەبەخشێت، بەڵام حەماس رێگەیان لێدەگرن ناوچەی شەڕ چۆڵبکەن".
نەتەنیاهوو پێیوابوو کە حەماس دوو تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، "هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و لە پشت خەڵکی سڤیلیش خۆی حەشار دەدات".
نەتەنیاهوو داوای کرد، "پاڵپشتیمان بکەن لە بەزاندنی وەحشییەکانی حەماس".
ئەم پەیامەی نەتەنیاهوو هەروەک لە پۆستەکەی دەردەکەوێت وەک وەڵامێک بوو بۆ چەند لێدوانێکی پێشووتری جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، ترۆدۆ لە ئێکس نووسی، "لەگەڵ سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەمان کرد و باسی دۆخی مرۆیی مەترسیداری غەززە، لەنێوچوونی خەڵکی سڤیل و ئازاری گەلی فەلەستینمان کرد. هەروەها، جەختمان لەسەر ئازادکردنی بەپەلەی بارمتەکانی لای حەماس کردەوە".
لە بەشی دووەمی بڵاوکراوەکە، ترۆدۆ ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن و لەگەڵ هاوبەشانی ناوچەکە کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان داهاتوویەکیان هەبێت و بە شکۆوە بە ئارامی و ئاسایش بتوانن بژین.
جیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "تەنانەت شەڕیش یاسای خۆی هەیە، ژیانی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان وەک یەک بەنرخن. داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەم کوشتنی ژن، منداڵ و کۆرپەکان رابگرێت، هەموو جیهان شاهێدی ئەوەن".
رۆژی 21-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، حکومەتی کەنەدا بڕیاریداوە 50 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بنێرێتە غەززە و دەورووبەری.
رۆژی 12-10-2023، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرش و بارمتەگرتن دەکەم لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل لەژێر یاسای نێودەوڵەتی مافی بەرگریی کردنی لە خۆی هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ