ئەمریکا بەرامبەر رازیبوونی سعودیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل فڕۆکەی F35ی پێدەفرۆشێت

15-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەمیانی سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی بۆ واشنتن، رێککەوتنێکی گرانبەهای ئەمنی واژۆ بکەن، لەنێو ئەو رێککەوتنەش چاوەڕێ دەکرێت گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F35 لەلایەن سعودیەوە واژۆ بکرێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، 18ی تشرینی دووەم، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بکات و لەمیانی کۆبوونەوەکەشیان رێککەوتنێکی فراوانی ئەمنی و ئابووری واژۆ بکەن، یەکێک لە خاڵی رێککەوتنەکانیش، فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی F35ی ئەمریکییە بە سعودیە.
 
کاربەدەستێکی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە، واشنتن لەگەڵ ریاز گفتوگۆ لەبارەی کڕینی گازی سرووشتیی سعودیە دەکات.
 
بەرپرسانی ئەمریکیی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایانگەیاندووە، سعودیە هەوڵدەدات فڕۆکەی F35 بەدەستبهێنێت، کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروستدەکرێت، ئەو فڕۆکە جەنگییە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکان لە جیهاندا ناسراوە و نرخی هەر فڕۆکەیەک بە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
ئەم رێککەوتنە ئەمنی و گرانبەهایە لە کاتێکدا، واشنتن و ریاز کار بۆ فراوانکردنی هاوکاریی ستراتیژی دەکەن و ترەمپ داواشی لە سعودیە کردووە بچنە ناو رێککەوتنی ئابراهام و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکات.
 
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ رازیکردنی سعودیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی لووتکەی کۆشکی سپی، چوونی سعودیە دەبێت بۆ نێو رێککەتننامەی ئابراهام و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، کە یەکێک بووە لە خاڵی پلانەکەی ترەمپ بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا و ئیسرائیل هەندێک نیگەرانییان بەرامبەر بە دەستگەیشتنی سعودیە بە فڕۆکەی F35 هەیە و ئیسرائیل پێشنیازی کردووە، گرنگە ئەمریکا و ئیسرائیل تاکە وڵات بن ئەو فڕۆکەیەیان لەدەستدا بمێنێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
 
هەروەها میدیای ئەمریکا ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە نێو وەزارەتی جەنگ، لە ئەگەری فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە سعودیە، مەترسیی هەیە چین دەستی بە تەکنەلۆژیا پێشکەوتوو و هەستیارەکانی ئەمریکا بگات.
 
دۆناڵد ترەمپ و محەممەد بن سەلمان پەیوەندیی نزیک و قووڵیان هەیە، لەمیانی سەردانەکەی مانگی ئایاری بۆ سعودیە، ترەمپ لەبارەی محەممەد بن سەلمانەوە رایگەیاند، "زۆرم خۆشدەوێت و حەزم بە دۆستایەتییەتی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە