رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس وردە وردە و بە بێدەنگی سەرقاڵی کۆنترۆڵكردنەوەی کەرتی غەززەیە و خەڵکی کەرتەکەش رایانگەیاندووە، حەماس لە دیاریکردنی نرخی مریشکەوە تاوەکو باجدانان لەسەر جگەرەی کۆنترۆڵ کردووە و بەردەوامیش لە هەوڵدایە بۆ فراوانکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لەدوای مانگێک لە ئاگربەست و کۆتاییهاتنی جەنگ.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەدوای مانگێک لە دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە، بزووتنەوەی حەماس بە خێرایی دەستی بەسەر کەرتەکەدا گرتووەتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی سوپای ئیسرائیل لێی کشاوەتەوە و لەدوای چوونیشی بۆ ئەو ناوچانە، سەرجەم ئەوانەی کوشتووە کە بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتباری کردبوون.
بەگوێرەی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنانی ئەو جەنگە دوو ساڵییە، پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایش و چاودێریکردنی دۆخی غەززە و پرۆسەی چەکداماڵینی حەماسە، بەڵام ئەو گرووپە فەلەستینییە سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی پێگەکەیەتی لەو کەرتە.
خەڵکی غەززە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئێستا لەپێش جەنگ زیاتر هەست بە کۆنترۆڵی حەماس دەکەن.
ئەوان دەڵێن، چەکدارانی حەماس چاودێریی هەموو ئەو شتانە دەکەن کە دەچنە ناو ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە و باج لەسەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکان دادەنێن، بەتایبەتی سووتەمەنی، جگەرە و پێبژاردنی ئەو دووکاندار و بازرگانانەی پێیانوایە پارەی زیادە وەردەگرن.
بەڵام بەرپرسانی حەماس ئەو تۆمەتەی غەززەییەکان رەتدەکەنەوە و ئیسماعیل توابتە، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی حەماس لە غەززە رایگەیاند، "ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن حەماس باجی لەسەر جگەرە و سووتەمەنی داناوە، راست نین و ئێمە هیچ باجێکمان لەسەر هیچ کاڵایەک دانەناوە."
ئەو بەرپرسەی حەماس ئاماژە بەوەش دەکات، بزووتنەوەکەیان تەنیا ئەرکی مرۆیی و کارگێڕی جێبەجێ دەکەن، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان. هەروەها ئامادەیی حەماسیشی بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە ئیدارەیەکی نوێی تەکنۆکرات دووپاتکردەوە و گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە، پرۆسەی راگوزەر بە ئاسانی بەڕێوەبچێت."
حاتم ئەبو دەلال، خاوەن مۆڵێکە لە کەرتی غەززە، ئەو بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، "بەهۆی ئەوەی کەلوپەلی پێویست نایەتە غەززە، بۆیە نرخەکان بەرزن. نوێنەرانی حکومەتیش هەوڵ دەدەن دۆخی ئابوورییەکە رێکبخەنەوە و نرخەکانیان جێگیر بکەنەوە."
بەڵام ئەو بازرگانە دەشڵێت، "نرخەکان بەردەوام دەگۆڕێن، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەیان. ئەمە وەک ئاڵوگۆڕی دراوی لێهاتووە. نرخەکان بەرزە، داهات نییە، بارودۆخ سەختە، ژیان سەختە و زستانیش بەڕێوەیە."
پلانەکەی ئەمریکا بۆ ئاشتی و سەقامگیرکردنەوەی غەززە لە چەند قۆناخێک پێکهاتووە و بریتییە لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کاتی بۆ کەرتەکە، پێکهێنانی هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داماڵینی چەکی حەماس و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.
بەڵام ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێستا ئەگەری دابەشکردنی کەرتی غەززە زیاترە و سوپای ئیسرائیل هێشتا لە نیوەی کەرتەکەدا جێگیرە، هەوڵەکانیش بۆ بەرەوپێشبردنی پلانەکەی ئەمریکا لاواز بووە.
ئێستا نزیکەی هەموو دانیشتووانی غەززە کە دوو ملیۆن کەسن، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حەماس دەژین، کە لە ساڵی 2007دا کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی لە دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتیی مەحموود عەباس و بزووتنەوەی فەتح سەندەوە.
لەبارەی ئاییندەی غەززە و بزوونتەوەی حەماس لەو کەرتە و کۆنترۆڵکردنەوەی حەماس و باجدانان لەسەر کەلوپەل و کاڵاکان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی، "لەبەر ئەوەیە حەماس ناتوانێت و نابێت حوکمڕانیی غەززە بکات."
گوتەبێژەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوکاتە دەتوانرێت حکومەتێکی نوێی غەززە پێکبهێندرێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان پلانەکەی ترەمپ پەسند بکات، "پێشکەوتن بەرەو پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بەدی هاتووە."
هەرچەندە دەسەڵاتی فەلەستی لە رامەڵڵا بەردەوامە لەوەی گوشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەوەی رۆڵی لە حکومەتی نوێی غەززە هەبێت، بەڵام ئیسرائیل ئەو بیرۆکەی رەتکردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەریەک لە فەتح و حەماس ناکۆکن لەسەر چۆنێتی پێکهێنانی دەستەی حوکمڕانیی نوێ.
مونزەر حەیاک، گوتەبێژی بزووتنەوەی فەتح لە غەززە رایگەیاند، "کردەوەکانی ئەمدواییەی حەماس ئاماژەیەکی روونە بەوەی ئەو بزووتنەوەیە دەیەوێت لە حوکمکردنی غەززە بەردەوام بێت."
کۆمپانیایەکی تایبەت بە هاوردەکردنی خۆراک بۆ نێو غەززە، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، تائێستا حەماس نەگەڕاوەتەوە بۆ سەپاندنی تەواوی باج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هەموو شتێک دەبینن و تۆمار دەکەن.
لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی کۆمپانیاکە دەڵێت، "حەماس چاودێریی هەموو ئەو شتانە دەکەن کە دەچنە نێو غەززەوە و خاڵی پشکنینیان لەسەر رێگەکان داناوە، بارهەڵگرەکان رادەگرن و پرسیار لە شۆفێران دەکەن. ئەوانەی یاریی بە نرخەکان دەکەن سزا دەدرێن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی هەندێک نرخ، بەڵام هێشتا زۆر بەرزترە لەپێش دەستپێکردنی جەنگ و خەڵک گلەیی ئەوە دەکەن پارەیان نییە."
حکومەتی غەززەی حەماس پێش جەنگ نزیکەی 50 هەزار کەسی دامەزراندبوو، لەنێویشیان هێزی پۆلیسی غەززە. بەرپرسی راگەیاندی غەززە دەڵێت، "هەزاران کەسمان شەهید بوون، ئەوانەشی ماونەتەوە ئامادەن لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی نوێدا لە کارکردن بەردەوام بن."
سەرچاوەکانی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، دەڵێن دەسەڵاتدارانی حەماس لە ماوەی دوو ساڵ جەنگەکەشدا بەردەوام مووچەی ئەو کەسانەی دابین کردووە، هەرچەندە مووچەکانیان بۆ 470 دۆلار لە مانگێکدا کەمکردەوە.
دیپلۆماتکارێکیش رایگەیاندووە، "لەوبڕوایەداین حەماس پارەی حەشاردراوەکانی بەکارهێنابێت بۆ پێدانی مووچە."
مستەفا ئیبراهیم چالاکڤانی کەرتی غەززە، لەبارەی دەسەڵاتی حەماس لەدوای جەنگ دەڵێت، "حەماس دواکەوتنی پلانەکەی ترەمپ دەقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی حوکمەکەی، بەڵام ئایا رێگەی پێدەدرێت بەردەوام بێت؟ پێموایە بەردەوام دەبێت تاوەکو حکومەتێکی جێگرەوە دادەمەزرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ