راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: ئیسرائیل مافی داگیرکردنەوەی غەززەی نییە

15-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە 70یەمین رۆژی جەنگی غەززەدا، لایەنە فەرمییەکان کوژرانی هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل و 17 هەزار و 787 کەسیان لە غەززە پشتڕاستکردووەتەوە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی داگیرکردنەوەی غەززەی نییە. کۆنتڕۆڵی غەززە، بەڕێوەبردنی غەززە و ئاسایشی غەززە دەبێت بکەوێتەوە دەست فەلەستینییەکان".
 
رۆژی هەینی 15-12-2023، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە کۆبووەوە و دواتریش سەردانی رامەڵڵای لە کەرتی رۆژئاوا کرد و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کۆبووەوە. 
 
کوژراو و بریندار
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، لە 7-10-2023ـەوە لانیکەم هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کە زۆربەیان سڤیل بوون کوژراون و 10 هەزار و 861 کەسیش بریندار بوون. هێشتاش حەماس 133 بارمتەی لایە کە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی، سەربازی ئیسرائیلی و هاووڵاتیی بیانین.
 
تەندروستیی غەززەش دەڵێت، لە 70 رۆژی جەنگدا 18 هەزار و 787 کەس کوژراون کە 5 هەزار و 153یان ژن و 7 هەزار و 729یان منداڵ بوون؛ هەروەها زیاتر لە 50 هەزار و 897 کەس برینداربوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، 1.9 ملیۆن کەس کە نزیکەی 85%ـی دانیشتووانی کەرتەکە دەکات ئاوارە بوون؛ هەروەها هەزار و 644 خێزان زیاتر لە یەک ئەندامیان لەدەستداوە.
 
هەر بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 136 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، 300 کارمەندی تەندروستی و 86 رۆژنامەڤان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکیاندا کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، 52 هەزار خانوو بە تەواوی وێرانبوون و 253 هەزار خانووش زیانیان بەرکەوتووە.
 
'ئیسرائیل ناتوانێت غەززە داگیر بکاتەوە'
 
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوت، "بۆ ئیسرائیل گونجاو نابێت کە دووبارە غەززە بۆ ماوەیەکی درێژ داگیربکاتەوە. پێمان وایە ئیسرائیل ئەو مافەی نییە".
 
سوڵیڤان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "دواجار کۆنتڕۆڵی غەززە، بەڕێوەبردنی غەززە و ئاسایشی غەززە دەبێت بکەوێتەوە دەست فەلەستینییەکان".
 
دواتر سوڵیڤان سەردانی کەرتی رۆژئاوای کرد و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کۆبووەوە. مەحموود عەباس بە بەرپرسە ئەمریکییەکەی راگەیاند، "غەززە بەشێکی دانەبڕاوی دەوڵەتی فەلەستینە و هەموو هەوڵێکی جیاکردنەوە و لەتکردنی لە فەلەستین رەت دەکرێتەوە".
 
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بە سوڵیڤانی گوت، "دەبێت هەموو کارێک بکرێت بۆ راگڕتنی شەڕ و جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین لەنێو غەززە".
 
بارمتەیەک بە مردوویی دۆزرایەوە
 
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا لە غەززە، ئیلیا تۆلێدانۆی بە رەچەڵەک فەرەنسی بە مردوویی دۆزرایەوە و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە ئیسرائیل".
 
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئیلیا کرد و گوتی، "بەشداری لە خەم و پەژارەی خێزانی ئەو بارمتەیە دەکەین؛ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کاری لەپێشێنەمانە".
 
لەدوای هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەوە دووەم بارمتەیە بە مردوویی دەدۆزرێتەوە. رۆژی 16-11-2023یش سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بارمتەیەکیان بەناوی یەهودیت وێیز کە ژنێکی تەمەن 65 ساڵ بوو، لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا بە مردوویی دۆزیوەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، تەرمی دوو سەربازی ئیسرائیلی لە غەززەوە گەڕێندراونەتەوە ئیسرائیل. بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی سوپای ئیسرائیل، دوو سەربازەکە ناویان نیک بێیزەر و رۆن شێرمانە کە هەردووکیان تەمەنیان 19 ساڵە.
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا سوپای ئیسرائیل گوتی، سەربازێکی دیکە لە نێو غەززە کوژرا. بەمجۆرە ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە غەززە لە 27-10-2023ـەوە بۆ 117 کەس بەرزبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە