رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، وایانزانیوە سێ کەس بۆ سەر هێزەکانیان هەڕەشەن؛ هەربۆیە تەقەیان لێکردوون و کوشتوویانن؛ دواتر زانیویانە ئەو سێ کەسە بارمتە بوون.
رۆژی هەینی، 15-12-2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "لە ناوچەی شجاعییە لە غەززە تەقەمان لە سێ بارمتە کرد و بەهەڵە کوشتمانن."
سوپای ئیسرائیل هۆکاری تەقەکردنی لەو بارمتانە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "وامانزانی هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانمان؛ بۆیە تەقەمان کرد."
لە درێژەی بڵاوکراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، "زۆر پەشیمانی ئەو رووداوە تراژیدیەین. هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بە خێرایی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووە و وانەمان لێ وەرگرتووە."
لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکانەوە، سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە دوو کەسیان لە بارمتە کوژراوەکان ناسیوونەتەوە کە یۆتام حایم و سەمیر تەلەلقەن کە لە 7-10-2023 لە ئۆردووگا جوونشینەکانی کفارازا و نیریم لەلایەن حەماسەوە رفێندران.

پێشتر حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر 240 کەسی بە بارمتە گرت. دواتر رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 132 بارمتەی دیکەی لایە.
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، نزیکەی 19 هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ