رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، "حووسییەکان سێ مووشەکی دژە کەشتییان ئاراستەی کەشتییە بازرگانی و جەنگییەکان لە دەریای سوور کرد". هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە داوە، هێرشەکان "هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە."
رۆژی شەممە 16-03-2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، "تیرۆریستە حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە سێ مووشەکیان ئاراستەی دەریای سوور کرد."
بەگوێرەی سێنتکۆم، "رووداوەکە رۆژی هەینی 15-03-2024 لەنێوان کاژێر 8:30 و 10:50ی شەو بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] روویداوە و مووشەکەکان لە جۆری بالیستی بوون."
هەروەک سوپای ئەمریکا ئاماژەی پێداوە، "هیچ زیانێکی گیانی و مادی لە هێرشەکەی حووسییەکان نەکەوتووەتەوە."
حووسییەکانی یەمەن دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە و بە دیاریکراوی لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور کرد و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ برایانمان لە فەلەستین."
هێرشی حووسییەکان کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە و لەگەڵ بەریتانیادا چوار جار ژێرخانی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سێنتکۆم تێکشکاندنی نۆ مووشەکی بالیستیی دژە کەشتیی حووسییەکان و دوو درۆنی راگەیاند، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە ئاراستەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کرابوون.
رۆژی 09-03-2024، سێنتکۆم تێکشکاندنی 28 درۆنی بۆمبڕێژکراوی لە ئاسمانی دەریای سوور راگەیاند.
ئەوکات یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو هێرشیان کردووە؛ یەکەمیان بۆ سەر کەشتییەک بووە بە ناوی پرۆپێل فۆرچن لە کەنداوی عەدەن، کە بە گوتەی سەريع، کەشتیێکی ئەمریکی بووە.
لە هێرشی دووەمدا، وەک سەريع باسی دەکات، "37 درۆن" ئاراستەی ژمارەیەک "کەشتیی سەربازیی ئەمریکی کراون."
هێرشی حووسیەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچارکردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن کە رێڕەوێکی گرنگە و 12٪ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێیدا دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ