رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فەرماندەی بەشی کەناراوەکانی حیزبوڵڵایان لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوشتووە کە پلانی داناوە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.
فەرماندەکەی حیزبوڵڵا ناوی ئیسماعیل یوسف بازە و لە ناوچەی بن بال لە لوبنان کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو بەرپرسەی حیزبوڵڵا کە چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە، بە دووریی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکەوە کراوەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە چەکدارانی حیزبوڵڵا لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل کە بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی باز ی راگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بە پلە و رۆڵەکەی نەکردووە.
شەڕ و هێرشەکان لەکاتێکدان، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل لە رۆژی شەممەوە بۆ جاری چوارەم کۆدەبێتەوە لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران کە بە زیاتر لە 300 مووشەک و درۆن ئەو وڵاتەی کردە ئامانج.
هێرشەکەی ئێران لە وەڵامی هێرشێک بوو لە 1ـی نیسان بۆسەر کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشق کە حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و بەشێکیان فەرماندە و پلەدار بوون.
لە دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بەهۆیەوە جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا و هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام مووشەکباران و بۆردوومانی یەکدی دەکەن.
بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا 365 کەس لە لوبنان کوژراون کە بەشێکی زۆریان چەکداری حیزبوڵڵا بوون و بەلایەنی کەمیشەوە 70 کەسیان سڤیل بوون.
هەروەها لەلایەنی ئیسرائیلیش، سوپای ئەو وڵاتە دەڵێت، 10 سەرباز و هەشت سڤیل بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ