رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن دەکات و دەڵێت، بە "هێزێکی گەورەتر" هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن و هەردوو بەندەری حودەیدە و سەلیفی بۆردوومان کردوون.
دوای ئەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "بە هێزێکی گەورەتر لە حووسییەکان دەدەین و سەرکردەکانیان دەکەینە ئامانج."
نەتەنیاهوو گوتیشی: "فڕۆکەوانەکانمان بە سەرکەوتوویی هێرشیان کردە سەر هەردوو بەندەری تیرۆری سەر بە حووسییەکان. ئەمە درێژەی کارەکەمانە و هێشتاش بەڕێوەیە."
هاوکات یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی تووندی لە عەبدولمەلیک حوسی، سەرۆکی حووسییەکان کرد و گوتی، وەک چۆن یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووتری حیزبوڵڵای لوبنانیان کوشت، ئەویش دەکوژن.
هێرش و هۆشدارییەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە حووسییەکان لە 6ی ئەم مانگە بە مووشەك دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان پێکا.
هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێکی حووسییەکانیان لە ئاسمانی ئیسرائیل تێکشكاندووە. حووسییەکان رایانگەیاند، ویستوویانە بەو مووشەکە هەمان فڕۆکەخانە لە نزیک تەلئەڤیڤ بکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ هەینی، نەتەنیاهوو رایگەیاند: "ئامادە نین لە بەرامبەر هێرشی حووسییەکان بێدەنگ ببین."
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاش گەشتێکی سێ رۆژە، کەنداوی جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی.
پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ سعودیە، قەتەر و ئیمارات، ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لەگەڵ حووسییەکان رێککەوت کە لە بەرامبەر وەستاندنی هێرشی سەر کەشتییەکان، واشنتن هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان بوەستێنێت.
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، حووسییەکان دەستیانکرد بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک پشتیوانییەک بۆ فەلەستین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ