رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی هەرە باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتی غەززەی فەلەستین سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، هەوڵی ئاشکرای ئیسرائیل بۆ "راگواستنی هەمیشەیی" خەڵکی کەرتی غەززە دەچێتە چوارچێوەی "پاکتاوی نەژادی"یەوە.
ئەمڕۆ هەینی، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، لانیکەم 88 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەم شەپۆلە نوێیەی بۆردوومان و رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی دووپاتی دەکاتەوە کە وا دیارە هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی هەمیشەیی لە غەززە کە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و هاوتای پاکتاوی نەژادییە."
ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا.
ئیسرائیل پێش ئەوەش گەمارۆیەکی تەواوی بەسەر غەززەدا سەپاند کە رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و بڵاوبوونەوەی برسێتی.
میدیای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، سوپا هێرشەکانی لە غەززە زیادکرد، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو پلانی داگیرکردنەوەی کەرتی غەززەی پەسندکرد، هەرچەندە سوپا هێشتا بە فەرمی فراوانکردنی هەڵمەتەکەی رانەگەیاندووە.
تورک هۆشداری دا کە زیادبوونی ئاشکرای هێرشەکان لەم هەفتەیەدا ترسی ئەوەی دروستکردووە کە هێرشە فراوانەکەی ئیسرائیل دەستی پێکردبێت.
تورک گوتی، "دەبێت ئەم سەرشێتییە رابگرین" و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، بە وڵاتانی سێیەمیشەوە کە کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە، هێرشەکە رابگرن.
کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە داڕمانی بەردەوامدان و بەهۆی فەرمانەکانی ئیسرائیلوە بە چۆڵکردنی ناوچەکان، خەڵکەکە پەناگەشیان دەستناکەوێت.
تورک رایگەیاند، "خێزانەکان ناچارن لە ژێر چادردا بژین لە دۆخێکدا کە زۆر لە خوار ستانداردەکانی پاراستنی شکۆمەندیی مرۆییانەوەیە و برسێتییەکی زۆر بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە قووڵتر دەبێتەوە."
ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە گەمارۆی تەواوی خستوەتە سەر کەرتی غەززە.
تورک بەتایبەتی تیشکی خستە سەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دوو لە گەورەترین نەخۆشخانەکان لە خان یونسی باشووری غەززە کە بریتین لە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر و نەخۆشخانەی ئەورووپی.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە نەخۆشخانەکان لە هەموو کاتێکدا بپارێزرێن، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا پێویستترن."
تورک گوتی، "کوشتنی نەخۆشەکان یان ئەو کەسانەی سەردانی بریندار یان ئازیزە نەخۆشەکانیان دەکەن، یان کارمەندانی فریاکەوتن یان هاووڵاتیانی سڤیلی دیکە کە تەنیا بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن، چەند کارەساتبارە، هێندەش قێزەونە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ