رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی سەدا و سیمای ئێران لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی فەرمیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، بۆردوومانەکە لەکاتێکدا بوو کە ئاژانسەکە راستەوخۆ هەواڵەکانی دەگواستەوە و ڤیدیۆکەی لە میدیای ئێران بڵاوبووەتەوە.
سەدا و سیما لە تەلەگرامی تایبەتی خۆی رایگەیاند، سەد و سیمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
بۆردوومانەکە لەکاتێکدا بوو کە ئاژانسەکە راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەخوێندەوە.
ئەمە دوای ئەوە هات کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران "نزیکن لەوەی نەمێنن" بەو واتایەی هێرشیان کردووەتە سەریان.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە ئەوەشی گوتووە کە خەڵک لە ناوچەکانی دەوروبەری بارەگای سەرەکیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چۆڵ دەکەن.
دوای بۆردوومانەکە، سەدا و سیما رایگەیاند، پەخشی هەموو کەناڵەکان ئاساییە و تەنیا یەک باڵەخانە زیانی بەرکەوتووە. "سەحەر ئیمامی، بێژەری هەواڵەکان سەلامەتە و کەمێکی دیکە دەگەرێتەوە سەر شاشە.
رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران لە ساڵی 1926 دامەزراوە، سەرەتا بە رادیۆ دەستی بەکارکرد. لە ساڵی 1956 بۆ یەکەمجار تەلەڤزیۆنی ئێرانی دامەزرێندرا.
لە ساڵی 1979، لە کەناڵێکی سەر بە رژێمی پاشایەتیی ئێرانەوە گۆڕا بۆ دامەزراوەیەکی سەر بە سیستمی کۆماری. ئەم دامەزراوەیە خاوەنی چەندین کەناڵی جۆراوجۆرە کە سەر بە حکومەتی ئێرانن، لەوانە: کەناڵی هەواڵیی عالەم، کەناڵی یەک، کەناڵی دوو، "جامی جەم"، کەناڵی بەڵگەنامەیی و کەناڵی وەرزشی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ