وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: زۆر نیگەرانین لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

16-06-2025
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی گوت: "بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و زیادکردنی دانوستاندنی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە ناسەقامگیرکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە."
 
گوا چیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چین زۆر نیگەرانە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بوونەتەهۆی زیادبوونی لەناکاوی ململانێی سەربازی، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە زووترین کات رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ هێورکردنەوەی ئەو دۆخە ئاڵۆزە و رێگری لە گێژاوی زیاتری ناوچەیی بکەن و زەوینە بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر رێچکەی دیالۆگ و دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
سەبارەت بە نێوەندگیری و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی: "ئەگەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوام بێت لە فراوانبوون، ئەوا وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکەمین دەبن زیانیان پێدەگات."
 
بە گوتەی گوا چیاکون، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین به جیا بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیسرائیل قسەی کردووە و داوای لەو دوو وڵاتە کردووە "ناکۆکییەکانیان لە رێگەی دیالۆگەوه چارەسەر بکەن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بەرفراوانبوونی ململانێکان بکەن و دۆخە ئاڵۆزەکە هێور بکەنەوە."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی لەوەش کردەوە کە "هێز ناتوانێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بێنێتە ئاراوە و هەر ناکۆکییەکی نێودەوڵەتیش پێویستە لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت؛ پێویستە هەردوولا پابەندن بە چەمکی ئاسایشی هاوبەشەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی چارەسەری نیگەرانییەکانی هەموو لایەنەکان بکرێت."
 
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025ـوە، پێکدادانی راستەوخۆی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران دەستیپێکردووە. سەرەتا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
 
پاشان ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی دژی ئیسرائیل راگەیاند کە تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخ هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە