رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل باڵاخانەی وەزارەتی بەرگریی سووریای لە دیمەشق بۆردوومان کرد، هاوکات هەڕەشەی تێکشکاندنی هێزەکانی حکومەتی سووریای کرد، کە هێرش دەکەنە سەر دروزەکان لە پارێزگەی سوەیدا. وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەدا کەسێک کوژراوە و 18 کەسیش بریندارن.
رۆژی چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی گەورەیان کردە سەر گۆڕەپانی ئومەوی لە نێوەڕاستی دیمەشقدا، دووکەڵێکی چڕ کە لە باڵاخانەی وەزارەتی بەرگرییەوە بەرز دەبووەوە، ئاسمانی شارەکەی داپۆشی.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجێکی سەربازیشی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا بۆردوومان کردووە.
لەلایەکی دیکە میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا باڵاخانەی دەستەی ئەرکانیی سووریا، کە لە تەنیشت وەزارەتی بەرگرییەوەیە، کراوەتە ئامانج.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە لەم هەفتەیەدا بەهۆی تووندوتیژییەکانی دەوروبەری شاری سوەیدا، سەدان کەس کوژراون. شەڕەکە لە نێوان چەکدارانی کەمینەی دروز، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و ئەندامانی هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوییەکان) روویدا. ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "لێدانی بە ئازار بەڕێوەیە" و داوای لە دیمەشق کرد "واز لە دروزەکانی سوەیدا بهێنن." کاتز گوتیشی: "ئیسرائیل واز لە دروزەکانی سووریا ناهێنێت و سیاسەتی داماڵینی چەک جێبەجێ دەکات."
ماوەیەکی کەم دوای ئەم لێدوانە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەروازەی کۆمەڵگەی بارەگای سەرەکیی سەربازیی رژێمی سووریای لە دیمەشق کردووەتە ئامانج.
کاتز نووسی: "ئاگادارکردنەوەکانی دیمەشق کۆتاییان هات، ئێستا گورزی بە ئازار بەڕێوەیە. سوپای ئیسرائیل لە کردنی ئۆپەراسیۆنی تەواو لە سوەیدا بەردەوام دەبێت، بۆ تێکشکاندنی ئەو هێزانەی کە هێرشیان کردە سەر دروزەکان، تاوەکو بە تەواوی دەکشێنەوە."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی: "برا دروزەکانمان لە ئیسرائیل، ئێوە دەتوانن پشت بە هێزەکانی ئیسرائیل ببەستن، بۆ ئەوەی براکانتان لە سووریا بپارێزن. من و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو پابەندییەکمان هەیە و دەشیپارێزین."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق هەوڵێکە بۆ "تێکدانی هەوڵەکانی سووریا لە بەدیهێنانی ئاشتی. گەلی سووریا دەرفەتێکی مێژووییان هەیە بۆ ئەوەی لە ئاشتیدا بژین. هەموو ئەوانەی پشتگیریی لەو دەرفەتە دەکەن، پێویستە بەشداریی لە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی."
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هەنگاوێک بچنە دواوە و دەست بە دیالۆگ بکەن.
باراک لە ئێکس نووسی: "سەرکۆنەی تووندوتیژی دژی سڤیلەکانی سوەیدا دەکەین. هەموو لایەنەکان پێویستە بگەڕێنە دواوە، دەست بە دیالۆگێکی مانادار بکەن کە رێگە بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن بکاتەوە."
ژمارەی کوژراوان جیاوازە. روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) رایگەیاندووە، لانیکەم 248 کەس کوژراون، لە نێویاندا 92 دروز (28 کەسیان مەدەنی بوون و 21 یان "بە شێوەی لە سێدارەدانی بەکۆمەڵ لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە" کوژراون)، 138 کارمەندی ئەمنی سووریا و 18 چەکداری بەدەوی.
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ (SNHR) ژمارەی کوژراوانی بە 169 کەس راگەیاندووە. سەرچاوە ئەمنییەکان ژمارەکە بە 300 کەس دادەنێن.
تووندوتیژییەکان رۆژی سێشەممە 15ـی تەممووز چڕبوونەوە، کاتێک هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ دامرکاندنەوەی شەڕی نێوان چەکدارانی دروز و پیاوانی چەکداری بەدەوی رەوانەی ناوچەکە کران، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ گرووپە چەکدارە دروزەکان خۆیان کەوتنە پێکدادان. شایەتحاڵان دەڵێن، هێزەکانی حکومەت شانبەشانی هۆزە بەدەوییەکان هێرشیان کردووەتە سەر دروزەکان.
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممەی رابردوو، لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگەیان دانا، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرشیان کردە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان دانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ