رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک منداڵ لە بەرامبەر خێوەتی ئاوارەکانی ناوچەی مەواسی غەززە وەستاون. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی خێوەت و پێداویستی بە خەڵکی غەززە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە باشووری کەرتەکە نیشتەجێبن. ئەمە وەکو ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر غەززە کە رۆژی 8ی ئەم مانگە کابینەی جەنگی بە زۆرینەی دەنگ پەسندی کرد.
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەسەر راسپاردەی ئاستی سیاسی و ئامادەکاری سوپای ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان لە ناوچەکانی شەڕ بۆ باشووری کەرتی غەززە و دڵنیاییدان لە سەلامەتییان، لە سبەیەوە (رۆژی یەکشەممە)، خێوەت و پێداویستی پەناگە" دەدەنە خەڵکی ناوچەکە.
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل گوتیشی، پێداویستییەکان لە دەروازەی کەریم شەلۆمەوە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزارییەکانی دیکەوە دەگوازرێنەوە دوای ئەوەی لەلایەن کارمەندانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و وەزارەتی بەرگرییەوە پشکنران.
ئەم بڕیارەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە رۆژی 8ی ئەم مانگە کابینەی جەنگیی وڵاتەکە بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززەدا و هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتەکەی کرد کە ئێستا 75%ـی لەدەستە.
ئەدرەعی ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی و بۆردوومان وەڵامیدایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و 250ـی دیکەش بە بارمتەگیران.
بە گوێرەی تەندروستیی غەززەش، تاوەکو ئێستا لانیکەم 61 هەزار دانیشتووی غەززە کوژراون و 155 هەزار و 275 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ