رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئیسرائیل خەڵکی غەززە "جینۆساید" دەکات و ئامانجی "لەنێوبردنی فەلەستینییەکانە". هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەی وڵاتەکە بە هاندانی ئەو تاوانە تۆمەتبار دەکەن.
ناڤی پیلای، سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان(COI) گوتی، لیژنەکەیان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە " لە غەززە جینۆساید روودەدات و بەردەوامە لە روودان."
گوتیشی: "بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی ئیسرائیل."
ئیسرائیل دەستبەجێ رایگەیاند کە "بە تووندی" راپۆرتەکە رەتدەکاتەوە و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە راپۆرتەکەی بە "شێوێنراو و ناڕاست" وەسفکرد و داوای "دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمیسیۆنەی لێکۆڵینەوە"ی کرد.
کۆمیسیۆنەکە، کە ئەرکەکەی بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین، نوێترین راپۆرتی خۆی دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە بڵاوکردەوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 65 هەزار فەلەستینی، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلن، ئەمەش بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە. هێرتسی هالیێڤی، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل رایگەیاندووە، 10٪ی خەڵکی غەززە، واتە زیاتر لە 200 هەزار کەس، کوژراون یان بریندار بوون.
زۆرینەی رەهای دانیشتووانی غەززە لانیکەم جارێک ئاوارە بوون.
کۆڕەوەکانی غەززە تاوەکو دێت زیاتر دەبن، لەکاتێکدا ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە چڕتر دەکاتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندووە برسێتی و قاتوقڕی لەو شارەدا گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاست.
کۆمسیۆنە لێکۆڵەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە دەسەڵاتداران و هێزەکانی ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، لە کۆی پێنج کاری جینۆساید کە لە پەیماننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948دا هاتوون، چواریان ئەنجامداون.
ئەوانیش بریتین لە: "کوشتنی خەڵکی کۆمەڵگەیەک، گەیاندنی زیانی جەستەیی یان دەروونیی جددی بە خەڵکی کۆمەڵگەکە، بە ئەنقەست و بە پلان سەپاندنی بارودۆخی ژیان بەسەر کۆمەڵگەکە بۆ ئەوەی تەواوی یان بەشێکی لەنێوبچێت، هەروەها سەپاندنی رێوشوێن بە مەبەستی رێگریکردن لە منداڵبوون لەنێو کۆمەڵگەکەدا."
"مەبەستی لەنێوبردن"
لێکۆڵەران رایانگەیاند، لێدوانە روونەکانی بەرپرسانی سڤیل و سەربازیی ئیسرائیل، لەگەڵ شێوازی مامەڵەی هێزەکانی ئیسرائیل "ئاماژە بەوە دەکەن کە بە مەبەستی لەنێوبردنی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە وەک کۆمەڵگەیەک، کردەوەی جینۆساید ئەنجامدراون."
راپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆک؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یواڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگری، " هانی جینۆسایدیان داوە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هیچ رێوشوێنێکیان لە دژیان نەگرتووەتەبەر بۆ سزادانیان لەسەر ئەم هاندانە."
پیلای، تەمەن 83 ساڵ، کە دادوەرێکی پێشووی ئەفریقای باشوورە و سەردەمانێک سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتی بووە بۆ جینۆسایدی رواندا و هەروەها وەک بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانە قێزەونانە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرە باڵای ئیسرائیل."
کۆمیسیۆنەکە دەستەیەکی یاسایی نییە، بەڵام راپۆرتەکانی دەتوانن گوشاری دیپلۆماسی دروستبکەن و وەک بەڵگە خزمەت بە دادگەکان بکەن.
پیلای بە فرانس پرێسی گوتووە، کۆمیسیۆنەکە هاوئاهەنگی لەگەڵ داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) دەکات و گوتیشی: "هەزاران زانیاریمان لەگەڵیاندا هاوبەش کردووە."
"بەشداربوون لە تاوان"
پیلای لە کاتی پێشکێشکردنی راپۆرتەکەدا جەختی کردەوە: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت لە ئاست ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیل لە غەززە لە دژی گەلی فەلەستین دەستیپێکردووە، بێدەنگ بێت."
هەروەها هۆشداریدا و گوتی: "هەنگاونەنان بۆ راگرتنی، بە واتای بەشداربوون دێت."
ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە لەلایەن چەندین رێکخراوی ناحکومی و شارەزای سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بە جینۆساید تۆمەتبار کراوە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی غەززەی وەک جینۆساید پۆلێن نەکردووە، هەرچەندە بەرپرسی کاروباری مرۆیی رێکخراوەکە لە مانگی ئایاردا داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاربکەن بۆ رێگریکردن لە جینۆساید"، لەکاتێکدا بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوەکە هەفتەی رابردوو سەرکۆنەی "گوتاری جینۆسایدکارانەی" ئیسرائیلی کرد.
لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، دادگەی نێودەوڵەتیی داد (ICJ) فەرمانی بە ئیسرائیل کرد "رێگری لە هاندانی راستەوخۆ و ئاشکرای جینۆساید لە غەززە بکات و سزای بدات."
چوار مانگ دواتر، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیی بۆ نەتەنیاهوو و گالانت بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەرکرد.
لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مانگی رابردوو سزای بەسەر دوو دادوەر و دوو داواکاری گشتیی دادگەکەدا سەپاند، لەوانە قەدەخەی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا و سڕکردنی سەروەت و سامانیان لەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ