ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی یەمەنی بۆردوومان کرد

16-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی یەمەنی بۆردوومان کرد و رایگەیاند، ژێرخانی حووسییەکانی کردووەتە ئامانج. 
 
رۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل 12 هێرشی ئاسمانی کردوەتە سەر بەندەری حودەیدە. 
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی، بەرگریی ئاسمانییان رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بووەتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرانەکرد. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی حووسییەکان لە بەندەری حودەیدە.
 
سوپای ئیسرائیل هێزە سەربازییەکەی یەمەنی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەندەرەکە بۆ گواستنەوەی ئەو چەکانە بەکاردەهێنێ لەلایەن ئێرانەوە بۆی دابین دەکرێن، بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی. 
 
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، پێشتر هۆشداری لەبارەی هێرشەکانەوە دابوو و گوتبووی، هێرشەکان وەڵامێک دەبن بۆ چالاکییە سەربازییەکانی حووسییەکان و داوای لە هەموو کەسێک لە بەندەری حودەیدە و ئەو کەشتیانەی لەوێ لەنگەریان گرتووە، کرد شوێنەکە چۆڵ بکەن.
 
هەروەها یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هۆشداری دا کە حوسییەکان "گورزی گەورەیان بەردەکەوێ و باجی قورس دەدەن بۆ هەر هەوڵیک کە تێیدا هێرش بکەنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
 
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، حوسییەکان وەک هاوسۆزییەک بۆ فەڵەستینییەکان، چەندین جار هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکان چڕکردووەتەوە و مانگی رابردوو سەرۆکوەزیران و نزیکەی نیوەی کابینەی حووسییەکانی کوشت و هەفتەی رابردووش لە چەند هێرشێکدا دەیان ئەندامی حووسییەکانی کوشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە