سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل داوا لە نەتەنیاهوو دەکات 'هەر ئێستا' دەست لەکار بکێشێتەوە

16-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل داوایەکی بەپەلە لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات کە دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەو پێیوایە حکومەتی ئیسرائیل تووشی شکستبووە لە رێگریکردن لە هێرشەکان. حیزبەکەی نەتەنیاهووش ئەم قسانەی بە "شەرمەزاریی" وەسفکرد.
 
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، یائیر لاپید، سەرۆکی پارتی یەش ئەتیدی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "نەتەنیاهوو دەبێت هەر ئێستا دەست لەکار بکێشێتەوە و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی شەڕ نەکات لە دژی حەماس. ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکارییە، نەتەنیاهوو ناتوانێت هەر وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە".
 
نەتەنیاهوو، بەگوێرەی قسەکانی لاپید، "متمانەی خەڵکی لەدەستداوە و ناکرێت چیدی ئێمە لە کابینەی ئەودا بمێنینەوە".
 
بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، رۆژی 7-10-2023 هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە ئیسرائیل. چوار رۆژ دوای ئەوە بنیامین نەتەنیاهوو و بێنی گانتز، سەرۆکی حیزبی "یەکێتیی نەتەوەیی" بڕیاریاندا حکومەتێکی فریاگوزاری پێکبهێنن تا شەڕ تەواو دەبێت.
 
لاپید ئەوەی خستەڕوو، "حکومەتی ئیسرائیل تووشی شکستێک بووە کە شایانی چاوپۆشی نییە، کاتێک نەیتوانی بەر بە هێرشەکان بگرێت".
 
لە قسەکانیدا، لاپید هیچ ئاماژەیەکی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدا بەڵکو پێشنیاریی کرد، یەکێکی دیکە لە حیزبەکەی نەتەنیاهوو،  حیزبی لیکود، ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ. ئەو رایگەیاند، "ئێستا کاتی هەڵبژاردن نییە، پێویستە کەسێکی دیکە لە لیکود نیشتمانمان بۆ ئاوەدان بکاتەوە".
 
هەر زوو دوای قسەکانی، حیزبی لیکودی دەسەڵاتدار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رایگەیاند، "جۆرە قسەیەکی وا لە کاتی شەڕدا، شەرمەزاییە".
 
پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە کنێست، لە 120 کورسی و 12 حیزب پێکدێت، بەڵام سێ حیزبە گەورەکەی ئیسرائیل بریتیین لە، لیکودی دەسەڵاتدار 32 کورسی، یەش ئەتیدی ئۆپۆزیسیۆن 24 کورسی و یەکێتیی نیشتیمانی 12 کورسی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە