میری نوێی کوێت دیاریکرا

16-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی کۆچی دوایی شێخ نەواف ئەلسوباح، میری کوێت، تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکە میری نوێی راگەیاند کە شێخ میشعەلی برای شێخ نەوافە و تەمەنی 83 ساڵە.
 
رۆژی شەممە، 16-12-2023، تەلەڤزیۆنی فەرمیی کوێت بڵاویکردەوە، "دەوڵەتی کوێت شێخ میشعەل ئەحمەد جابر ئەلسوباحی وەک میری نوێی کوێت دەستنیشانکرد."
 
چەند کاژێرێک پێش ئەم راگەیاندنە، هەمان تەلەڤزیۆن کۆچی دوایی شێخ نەوافی میری وڵاتەکەی راگەیاند. شێخ میشعەل زڕبرای میرە کۆچکردووەکەیە و تەمەنی 83 ساڵە.
 
میرە نوێیەکەی کوێت لەدایکبووی ساڵی 1940ـە و حەوتەم کوڕی جابر ئەلسوباحە. شێخ میشعەل زۆربەی ساڵەکانی کارکردنی لە دەزگەکانی ئاسایش و هەواڵگرییدا بەسەربردووە و پێشتر سێ زڕبرای خۆی میری کوێت بوون. شێخ جابر لە 1977 بۆ 2006؛ شێخ سەباح لە 2006 بۆ 2020 و شێخ نەواف لە 2020 بۆ 2023.
 
میرە نوێیەکەی کوێت کۆلێژی پۆلیسیی هێندۆنی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خوێندووە و لە ساڵی 1960 لێی دەرچووە. دوای هاتنەوەی، لە ساڵی 1967 بۆ 1980 وەک سەرۆکی ئاسایش و هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە کاریکردووە.
 
لە 13-4-2004 شێخ جابری میری ئەو کاتی کوێت شێخ میشعەلی وەک جێگری سەرۆکی پاسەوانیی نیشتمانیی کوێت لەسەر ئاستی وەزیر دەستنیشانکرد و خستییە شوێنی شێخ نەواف کە ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. لە کوێت جێگری سەرۆکی پاسەوانی یەکێکە لە گرنگترین پلەکانی ئەو وڵاتە. دوای 16 ساڵ کارکردن لەو دەزگەیە، لە ساڵی 2020 وەک شازادەی جێنیشین لە شوێنی شێخ نەواف دیاریکرا، ئەوەش دوای ئەوەی شێخ سەباحی برای کۆچی دوایی کرد و شێخ نەواف بووە میر.
 
شێخ میشعەل وەک سەرۆکی شانازیی کۆمەڵەی فڕۆکەوانانی ئەندازیاریی کوێت و سەرۆکی شانازیی دیوانی شاعیرانی ئەو وڵاتە ناودەبرێت؛ لە ساڵی 2018 مەدالیای شەرەفی لەلایەن فلۆرێنس پارلی، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنساوە پێبەخشرا. 

 

شێخ میشعەل دوو هاوژینی بە ناوەکانی نوورییە و مونیرە هەیە و خاوەنی 12 منداڵە کە پێنجیان کوڕ و حەوتیان کچن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە