رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حووسییەکانی یەمەن لە 30 رۆژی داهاتوودا دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەگەر هێرشەکانیان لە دەریای سوور رانەگرن. بەگوێرەی وەزارەتەکە بڕیارەکە لە 16-2-2024 جێبەجێ دەکرێت و دەبێت حووسییەکان لەو 30 رۆژەدا هێرشەکانیان بووەستێنن.
رۆژی چوارشەممە، 17-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە تشرینی دووەمەوە حووسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی، ئابووری و بازرگانیی جیهانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. ئەم هێرشانە بوونە هۆی مەترسیی بۆ سەر کەشتییەکان و هاتووچۆی ئازادی بازرگانی پەکخست.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بڕیاری خستنە لیستی تیرۆری حووسییەکان لە 16-2-2024 جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر حووسییەکان لەو 30 رۆژەدا هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بووەستێنن ئەوا ئەمریکا پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکات.
لە کۆتاییدا ئەمریکا دەڵێت، حووسییەکان دەبێت باجی کردەوەکانیان بدەن، بەڵام نەوەک لەسەر حیسابی خەڵکی سڤیلی یەمەن. ئەمریکا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە لەسەر گەلی یەمەن کەمبکاتەوە.
حووسییەکانی یەمەن، ئەو گرووپە چەکدارەی کە لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر یەمەندا گرت، ماوەی چەند هەفتەیەک بوو بە پاساوی پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هێرشیان کردە سەر چەند کەشتییەک لە دەریای سوور کە 15٪ـی بازرگانیی ئاویی نێوان ئەوروپا و ئاسیای پێدا تێپەڕدەبێت و دەڵێن، "هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
دوایین هێرشی حووسییەکان لە 15-1-2024 بوو کاتێک هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر وڵاتەکەمان، هێزی دەریایی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە پشتیوانی خوا بە ژمارەیەک مووشەکی دەریایی گونجاو کەشتییەکی ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن کردە ئامانج."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، لە 19-11-2023ـەوە چەکدارانی حووسییەکان 28 جار هێرشیانکردووەتە سەر چەند کەشتییەکی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. حووسییەکان لەو هێرشانەدا مووشەکی دژە کەشتیی بالیستی، درۆن و مووشەکی کرووزیان بەکارهێناوە.
رۆژی 12-1-2024، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەمەش دوای ئەوە هات، ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دابووە گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بوەستێنێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێرشەکە بە فەرمانی ئەو و بۆ بەرگریی لە خۆکردن کراوە.
نووسینگەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشە سەربازییەکان یاسایی بوون. ئامانج لەو هێرشانە ئەوە بوو کە توانای حووسییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوە تاکە رێگە بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان و بە گوێرەی مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون".
هەمان رۆژ گوتەبێژی حووسییەکانیش گوتی ئەمریکا و بەریتانیا 73 هێرشیان کردە سەر یەمەن و بە قسەی ئەو گوتەبێژە، "پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."
بزووتنەوەی حووسییەکان یان ئەنساروڵڵا لە ساڵی 1994 وەک گرووپێکی ئیسلامی دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووە و بارەگای سەرەکیی لە سەنعای پایتەختی یەمەنە و بە گرووپێکی نزیک لە ئێران دەبینرێت. تائێستا چەندین حکومەت و وڵات ئەو گرووپەیان رەتکردووەتەوە و دانی پێدانانێن لەوانەش، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، سعودیە، ئیمارات، فەرەنسا، هۆڵەندا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، دانیمارک و نەرویج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ