وەزیرێکی ئیسرائیل دژی ئاگربەست هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات

17-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ناکۆکییەکانی نێو حکومەتی ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە زیاد دەبن. ئیتامار بنگڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەڵێت، رێککەوتنەکە "شەرمەزارییە" و، ئەگەر پەسند بکرێت، پارتەکەی لە حکومەت دەکشێتەوە. 
 
بڕیارە حکومەتی ئیسرائیل لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ پەسندکردنی رێککەوتنەکە کۆبێتەوە.
 
بنگڤیر کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆیە و بە هەڵوێستە تووندەکانی ناسراوە.
 
لە کاتێکدا سەرچاوە خۆجێیەکانی ئیسرائیل دەڵێن کۆبوونەوەکە رۆژی هەینی دەکرێت، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێدەنگە و دیار نییە هەنگاوی داهاتووی حکومەتەکە چی دەبێت. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنگڤیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوایکرد رۆیشتنی هەموو یارمەتییەکی مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە بوەستێنرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا، قەتەر و میسر کە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن رایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو رێککەوتن. 
 
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەدات و سوپاکەی لە شوێنە ستراتیژییەکان و سڤیلنشینە چڕەکان دەکشێنێتەوە. 
 
بنگڤیر دەڵێت، "ئەگەر ئەم رێککەوتنە نابەرپرسیارە پەسند بکرێت و جێبەجێ بکرێت، پارتی هێزی یەهوودی چیدیکە لە حکومەتدا بەشدار نابن."
 
پێنجشەممە، نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، حەماس "لە بەشێکی مەرجەکانی ئاگربەستەکە پاشەکشەی کردووە و چاوی لەوەیە لە دوایین خولەک سازشێک بەدەستبهێنێت."
 
ئاگربەستەکە دوای چەند مانگ دانوستاندن بۆ وەستاندنی خوێناویترین جەنگی غەززە راگەیێنرا. ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەم ئاگربەستە کۆببنەوە و پەسندی بکەن؛ جەنگ دەوەستێت.
 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە