رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی زیندانەکانی ئیسرائیل دەڵێت، رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگەگرتن لە "ئاهەنگ و خۆشی دەربڕینی جەماوەری"، کاتێک بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد دەکرێن.
رۆژی هەینی 17-01-2025 فەرمانگەی زیندانەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، خۆیان بۆ ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە ئامادە دەکەن کە لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانی غەززەدا ناویان هاتووە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، دەکرێت لە رۆژی یەکشەممە 19-01-2025ەوە ئاڵوگۆڕەکە دەستپێبکات.
فەرمانگەکە رایگەیاند، دوو زیندان خەریکی خۆئامادەکردنن بۆئەوەی زیندانییەکان ئازاد بکەن؛ یەکێکیان لە نزیک ئۆرشەلیم/قودسە و ئەوی دیکە لەنزیک شاری عەسقەلانی باشووری ئیسرائیلە.
کۆبی یاکۆبی، کۆمیسیاری فەرمانگەی زیندانەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، "بۆ رێگەگرتن لە ئاهەنگ و خۆشی دەربڕین، بەندکراوەکان بە پاسەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ناگوازرێنەوە."
رۆژی چوارشەممە 15-01-2025 بە نێوەندگیریی ئەمریکا، قەتەر و میسر، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە رێککەوتن. ئاگربەستەکە لە 19ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت. دوو لایەنەکە پابەند دەبن بە راگرتنی شەڕ، کشانەوەی هێزی ئیسرائیل، رێگەکردنەوە بۆ هاوکاریی مرۆیی و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و بەندکراو.
دوایین جار غەززە ئاگربەستی بەخۆیەوە بینیبێت تشرینی دووەمی 2023 بوو. ئەوکات 105 بارمتە ئازاد کران کە 80ـیان ئیسرائیلی بوون، لە بەرامبەردا 240 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
یاکۆبی گوتی، تەنانەت بە زیندانییەکانیش گوتراوە خۆیان لە خۆشی دەربڕینی جەماوەری بەدوور بگرن.
ئەمڕۆ 17-01-2025 کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ئاگربەستەکەی پەسەندکرد، ئینجا ئاگربەستەکە دەچێتە بەردەم کابینەی حکومەتی ئیسرائیل کە بڕیارە ئەمشەو کۆببێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بکات.
ئیتامار بنگڤیر، وەزیری راستڕۆی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل داوای لە حکومەت کردووە ئەو ئاگربەستە رەتبکەنەوە. بنگڤیر گوتی: "ئەو فەلەستینییانەی بەتۆمەتی کوشتنی ئیسرائیلییەکان، حوکمی تاهەتایی دراون ئازاد دەکرێن. داوا لە هاوڕێیانم لە پارتی لیکود و زایۆنیزمی ئایینی دەکەم، هێشتا درەنگ نییە و ئەم رێککەوتنە دەکرێت رابگیرێت."
لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە کە 42 رۆژ دەخایەنێت، بڕیارە 33 بارمتە ئازاد بکرێن و هێزەکانی ئیسرائیلیش لە ناوچە سڤیلنشینەکانی غەززە بکشێنەوە. ئیسرائیلیش رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردنەکە 95 زیندانی ئازاد دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ