گوشارەکان بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە سووریا زیاتر دەبن

17-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر شاری دیمەشق لە سووریا. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر شاری دیمەشق لە سووریا. وێنە: AFP/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوشارەکان بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا زیاتر بوون، کە لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد چوونەتە ناو چەند شوێنێکی سووریا.
 
عەبدولڕەحمان بوستانی، ئامۆزای قوربانی دەڵێت، "لەناکاو مووشەکێک بەر شەقامەکەی نێوانمان کەوت و راستەوخۆ بەرەو شوێنی مووشەکەکە رامکرد، بینیم کوڕەکەم بریندارە و دواتر ئامۆزاکەمم بینی، ئەو کوژرابوو و دوو و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، شاری قونەیتەڕە و ناوچە سنوورییەکانی باشووری سووریا، بوونەتە پێگەی نوێی ئیسرائیل.
 
لەوکاتەوە، سوپای ئیسرائیل بە قووڵایی لانیکەم 25 کیلۆمەتر چوونەتە نێو خاکی سووریاوە. ئەمەش جگە لەوەی لانیکەم 500 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر کۆگەی ئەو چەکانەی لەلایەن سوپای سووریاوە جێهێڵدراون. ئیسرائیل دەڵێت، ‌هێرشەکانی 80%ی توانا سەربازییەکانی سووریای لەنێوبردووە.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەین لەگەڵ وڵاتانی دۆست، گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل لەو ناوچانەی لەم ماوەی دواییدا چووەتە نێویان، بکشێتەوە."
 
محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئالسانى، وەزیری دەرەوەی قەتەر دەڵێت، "دەمەوێت لەو چوارچێوەیەشدا دووپات لەوە بکەمەوە کە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی داماڵدراو لە چەک، هەنگاوێکی بێباکانەیە و سەرکۆنەکراوە، دەبێت دەمودەست بکشێنەوە."
 
لە هەمان رۆژی رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی هێڵی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەیان و سووریا لە بەرزاییەکانی گۆلان-یان بڕیوە و چوونەتە نێو خاكی سووریاوە، کە لە ساڵی 1974ەوە لەسەری رێککەوتوون. پاساوی ئیسرائیل بۆ لەشکرکێشییەکەی، بە گوتەی خۆی، پاراستنی ئاسایشەکەیەتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە