وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دڵنیام ئاگربەستی غەززە جێبەجێ دەکرێت

17-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پشتڕاستە کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئاگربەستەکەی غەززە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل دەنگدانی لەسەر پەسندکردنی دواخست، بە بیانووی ئەوەی "حەماس پاشەکشەی کردووە."

رۆژی پێنجشەممە 16-01-2025 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین گوتاریدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "من بە تەواوی پشتڕاستم، پێشبینی دەکەم جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە لە رۆژی یەکشەممە 19-01-2025 دەستپێبکات."
 
بلینکن گوتیشی، ئەو و بەرپرسانی دیکەی کابینەکەی بایدن، کە لە 20-01-2025 کۆتایی بە ئەرکیان دێت، بەردەوام بە تەلەفۆن هەوڵی چارەسەرکردنی پرسەکانی ئاگربەستیان داوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "شتێکی نامۆ نییە کە لەم جۆرە پرۆسە و دانوستاندنانەدا، ئاڵنگاری بێتە پێشەوە، هەندێکجار لایەنێک شل دەبێت. ئێستا ئێمە هەوڵی تووندکردنەوەی ئەو لایەنە دەدەین."
 
رۆژی چوارشەممە 15-01-2025 هەریەک لە ئەمریکا، قەتەر و میسر کە رۆڵی نێوەندگیر دەبینن رایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو رێککەوتن. ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراو بەشێکە لە ئاگربەستەکە.
 
پێنجشەممە 16-01-2025 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس "لە بەشێکی مەرجەکانی ئاگربەستەکە پاشەکشەی کردووە و چاوی لەوەیە لە دوایین خولەک سازشێک بەدەستبهێنێت."
 
ئاگربەستەکە دوای چەند مانگ دانوستاندن بۆ وەستاندنی جەنگ راگەیێنرا. ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەم ئاگربەستە کۆببنەوە و پەسندی بکەن؛ جەنگەکە دەوەستێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە