نەتەنیاهوو: خۆمان بڕیار دەدەین چۆن بەرگریی لە خۆمان بکەین

17-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، کابینەکەی بڕیاری خۆی دەبێت لەسەر چۆنێتیی بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئەمە قسەیە دوای ئەوە دێت چەند وڵاتێک داوایان لێکردووە وەڵامی هێرشەکەی ئێران نەداتەوە. 

ئەنالینا بێربۆک و دەیڤید کامیرۆن، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ رێگەگرتن لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران، هەروەها کەمکردنەوەی گرژییەکان، رۆژی چوارشەممە 17-04-2024 سەردانی ئیسرائیلیان کرد و لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، سەرۆکوەزیران سوپاسی پشتیوانیی بەرلین و لەندەنی کردووە و پێیڕاگەیاندوون: "دەمەوێت روونبم، ئێمە بڕیار دەدەین چۆن بەرگری لە خۆمان دەکەین. دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو شتێک دەکات بۆ بەرگری لەخۆکردن."
 
کامیرۆن پێداگیریی ئیسرائیلی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دووپاتکردەوە و گوتی: "روونە کە ئیسرائیل سەرقاڵی بڕیارێکە بۆ هێرشکردن."
 
وەزیرە ئەڵمانییەکەش گوتی: "زیادبوونی گرژی خزمەتی ئاسایشی ئیسرائیل، بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس، ئازاری دانیشتووانی غەززە، ئازاری خەڵکی ئێرانی ژێر دەستەی رژێم و وڵاتانی ناوچەکە ناکات."
 
لێدوانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە رۆژی 13-04-2024، ئێران لە تۆڵەی بە ئامانجگرتنی کۆنسوڵخانەکەی لە سووریا، بە سەتان درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
 
دوای هێرشەکە؛ ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەندامانی گرووپی جی7 بڕیاریاندا سزای زیاتری ئابووریی بەسەر ئێراندا بسەپێنن و داوایان لە ئیسرائیل کرد دانبەخۆیدا بگرێت و وەڵامی ئێران نەداتەوە.
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە وڵاتانی جی7 لە ئیتاڵیا کۆبنەوە، واشنتن خوازیارە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران ئیسرائیل رازی بکات هێرشی تۆڵەسەندنەوە نەکات. 
 
وڵاتانی جی7 لە حەوت وڵاتی ئابووری بەهێز پێکدێت کە بریتیین لە: ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن.
 
کابینەی جەنگیی ئیسرائیل دوو جار لەسەر هێرشەکەی ئێران کۆبووەتەوە. بەپێی میدیای ئیسرائیل، دوو بۆچوون هەن؛ یەکێکیان دەستبەجێ هێرشکردنە بۆ سەر ئێران؛ دووەمیش، چاوەڕوان کردن و تووندکردنی گوشارە دیپلۆماسییەکانە. 
 
بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل، لەگەڵ وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریش لەگەڵ بۆچوونی دووەمدایە.
 
هێرزی هالیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت: "ئێران ویستی توانا ستراتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەنێو ببات؛ ئەوە شتێکە هەرگیز پێشتر رووینەداوە. ئێمە بیر لە هەنگاوی داهاتوومان دەکەینەوە، ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

نەتەنیاهوو: لە رەفەح کارەساتی مرۆیی رووینەداوە و رووشنادات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت شەڕ دەکەن و یارمەتیی خەڵکی رەفەحیش دەدەن. دەشڵێت تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان لە ناوچەکانی شەڕی شاری رەفەح دوورخستووەتەوە و "هیچ کارەساتێکی مرۆیی رووینەداوە."