لە هێرشێکی حیزبوڵڵادا 14 سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون

17-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت لە تۆڵەی کوژرانی سێ شەڕکەریان بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل، بەهۆیەوە 14 سەربازی ئیسرائیل بریندار بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حیزبوڵڵای لوبنان، کە رۆژی چوارشەممە 17-04-2024 بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە هەمەجۆر بووە و تێیدا مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهاتوون. ناوەندێکی سەربازیی ئیسرائیل لە گوندی عەرەب عەرامشە کراوەتە ئامانج.
 
گوندی عەرەب عەرامشە دەکەوێتە ناوچەی گالیلی سەر سنووری باکووری ئیسرائیل و باشووی لوبنان؛ دانیشتووانەکەی زۆرینە عەرەبی بەدەوین.
 
سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا دەڵێت "دوای هێرشەکە، تەندروستیی گالیلی رایگەیاند 14 برینداریان وەرگرتووە "دۆخی دوو برینداریان ناجێگیرە." سوپای ئیسرائیلیش برینداربوونی 14 سەربازی راگەیاند.
 
حیزبوڵڵای لایەنگری ئێران دەڵێت، هێرشەکە لە تۆڵەی کوژرانی سێ چەکداریانە کە رۆژی سێشەممە، 16ـی نیسان لە گوندەکانی عەین بەعال و شەهابیە "بە دەستی دووژمنی زایۆنی کوژران."
 
دوێنێ (سێشەممە)، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سێ ئەندامی حیزبوڵڵا راگەیاند، کە دووانیان فەرماندە بوون.
 
رۆژی دووشەممەش، حیزبولڵای لوبنان هێرشی کردە سەر هێزێکی سوپای ئیسرائیل کە بە گوتەی خۆی، "هاتبوونە نێو خاکی لوبنان" و، چوار سەربازیان بریندار بوون.
 
حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەدوای دەستپێکی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 چەند جارێکە هێرش دەکەنە سەر سنووری یەکدی، بەڵام ئەوە سێ رۆژی لەسەر یەکە حیزبوڵڵا لە هێرشەکانی نەوەستاوە.
 
شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 368 کەس لە لوبنان کە 70ـیان سڤیلن.
 
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت "تاوەکو ئێستا 10 سەرباز و هەشت سڤیل کوژراون."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە