سوپای ئیسرائیل: قۆناخە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە غەززە دەستیپێکردووە

17-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، ئەوەش وەک بەشێک لە "قۆناخە سەرەتاییەکانی" هێرشێکی نوێ بۆ سەر کەرتەکە.
 
رۆژی شەممە 17ی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، هێرشەکان بەشێکن "لە فراوانکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ، لەوانەش ئازادکردنی بارمتەکان و شکستپێهێنانی حەماس."
 
ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەو رۆژەدا نزیکەی 100 کەس کوژراون.
 
هێرشە چاوەڕوانکراوەکە کە بە "ئۆپەراسیۆنی گالیسکەکانی جەدعون" ناسراوە، لە کاتێکدایە ئیسرائیل رووبەڕووی گوشار بووەتەوە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەرتاسەری لەسەر غەززە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس بارمتەیەکەی ئەمریکی – ئیسرائیلی ئازاد کرد. 
 
ئیسرائیل لە 18ـی ئادارەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئاگربەستێکی دوو مانگە لە شەڕەکە کە بەهۆی هێرشی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد. 
 
هێرشەکە، بەگوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 218 کەسی سڤیل و بەبارمتەگرتنی 251 کەس. 
 
57 بارمتە لە کەرتی غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان گیانیان لەدەستداوە. 
 
تەندروستی غەززە دەڵێت، لەو کاتەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە دەستپێکردووەتەوە، 2 هەزار و 985 کەس کوژراون و بەو جۆرەش ژمارەی کوژراوانی کەرتەکە گەیشتووەتە 53 هەزار و 119 کەس. 
 
میدیای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاند، سوپا دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کردووە کە حکومەت لە سەرەتای ئەم مانگە بۆ فراوانکردنی جەنگەکە پەسندی کرد. 
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێزەکانیان لە 24 کاژێردا "هێرشیان کردووەتە سەر 150 پێگەی تیرۆریستی لە سەرانسەری کەرتی غەززە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە