رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەمین سەردانیدا بۆ تاران دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە لایەن حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازیی لێکرا.
رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، هەردوو وەزیر کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەیان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازدەکەن.
بە گوێرەی میدیای سعودیە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیش کۆدەبێتەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە مانگی ئاداری ئەمساڵ، بە نێوەندگیریی چین، سعودیە و ئێران دوای حەوت ساڵ لە پچڕان، پەیوەندییەکانیان ئاساییکردنەوە.
نێوانی دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2016 تێکچوو کاتێک کە سعودیە پیاوی ئایینی شیعە مەزهەب شێخ نمر ئەلنمری لەسێدارەدا و خۆپێشاندەرانی دژی ریاز لە تاران و مەشهەد هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی سعودیە.
مانگی ئادار، تاران و ریاز رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاساییبکەنەوە و باڵیۆزخانەکانیشیان لە وڵاتەکانی یەکدیدا بکەنەوە.
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، شازە فەیسەڵ لە سەردانەکەیدا "چەند رێوشوێنێک" بۆ کردنەوەی نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیە لە تاران دەگرێتەبەر.
رۆژی 6ـی حوزەیران، ئێران باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی لە سعودیە کردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ