20 وڵاتی ئیسلامی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەن

17-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵاتی ئیسلامی، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵاتی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیلیان کرد کە لە بەرەبەیانی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025ـەوە کراونەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. هاوکات هۆشدارییاندا لە پەرەسەندنی "مەترسیدار" لە ناوچەکەدا و داوای گەڕانەوەیان کرد بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت وەک تاکە رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەر یەک لە ئوردن، ئیمارات، پاکستان، بەحرەین، بڕونای دارولسەلام، تورکیا، چاد، جەزائیر، دوورگەکانی قەمەر، جیبۆتی، سعودیە، سوودان، سۆمال، عێراق، عومان، قەتەر، کوێت، لیبیا، میسر و مۆریتانیا دەرچووە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کرایەوە:
 
رەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیرانی 2025ـەوە، هەروەها هەر کارێک کە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما و ئامانجەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و یەکپارچەیی خاکەکەیان و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە.
 
دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بەم پەرەسەندنە مەترسیدارە کە هۆشداری دەدات لە لێکەوتەی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە. جەختکردنەوە لەسەر راگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل دژی ئێران و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە هێورکردنەوەیەکی گشتگیر و ئاگربەست.
 
جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پاککردنەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و سەرجەم چەکە کۆمەڵکوژییەکانی و پابەندبوون بە بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بەبێ جیاکاری. بانگهێشتکردنی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ چوونە پاڵ پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
 
جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئامانج نەگرتنی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کە لەژێر گەرەنتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان، بەپێی بڕیارەکانی خۆی و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. چونکە ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە بەپێی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1949.
 
پێویستیی گەڕانەوەی خێرا بۆ رێڕەوی دانوستاندنەکان، وەک تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
 
جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە ئازادیی کەشتیوانی لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا و مەترسی نەخستنە سەر ئاسایشی کەشتیوانی، بەگوێرەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی.
 
 جەختکردنەوە لەوەی کە چارەسەری سەربازی رێگەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان نییە. بەڵکو گفتوگۆ و دیپلۆماسی و پابەندبوون بە بنەماکانی دراوسێیەتیی باش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکە رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکەی ئێستا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە