رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەمریکا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ دەکرێت، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ئاماژە بە روودانی چەند رووداوێکی گەورە و خێرا لە رۆژانی داهاتوودا دەکات.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی، کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا رایگەیاند، "شەوی پێنجشەممە و هەینی، شتی حەپەسێنەر دەبینن."
باڵیۆزەکە دەشڵێت، "سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت،" کە مەبەست لێی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنانییە لە ئەیلوولی پار، کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی 3000ی دیکە.
لیتەر دەڵێت، تاکە وڵات کە بۆمبی حەشارشکێنی هەبێت بۆئەوەی بتوانرێت بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ لەژێر زەویدا لەنێوببات، ئەمریکایە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، بنکەی فوردۆ دەکەوێتە ژێر چیاکانی شاری قومی ئێران و ئامێری سەنتەرفیوجی پێشکەوتووی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تێدایە، وێڕای ئەوەی بە دیاریکراوی نازانرێت قووڵاییەکەی چەندە، هەندێک هەڵسەنگاندن ئاماژە بەوە دەکەن کە 80 تاوەکو 90 مەتر لەژێر زەویدا بێت.
باڵیۆزی ئیسرائیل گوتیشی، "بۆئەوەی بنکەی فوردۆ بە بۆمبێکی ئاسمانی لەنێوبچێت، تاکە وڵات ئەو بۆمبەی هەبێت ئەمریکایە، پێویستە ئەمریکا بڕیار بدات کە ئایا دەیەوێت وا بکات یان نا."
بەڵام روونیشیکردەوە، بۆردوومانکردنی فوردۆ بە بۆمبی حەشارشکێن تاکە رێگە نییە ئیسرائیل بیری لێدەکاتەوە و گوتی، "رێگەی دیکەش هەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ