رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەکاتی وەرگرتنی یارمەتیی مرۆیی، هێزەکانی ئیسرائیل تانک و درۆن تەقەیان لە خەڵک کرد و لانیکەم 51 کەسیان کوشت.
رووداوەکە لە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک بووە لە شاری خانیونس لە باشووری کەرتی غەززە.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە گوتی، زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەسەڵ گوتی، "درۆنەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد. چەند خوولەکێک دواتر، تانکەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە خەڵکەکە کرد، کە ژمارەیەکی زۆری شەهید و برینداری لێکەوتەوە."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات."
وەزارەتی تەندروستیی غەززە پشتڕاستیکردەوە، "51 شەهید و زیاتر لە 200 بریندار گەیشتوونەتە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر. 20 لە برینداران لە دۆخێکی سەختدان."
ماوەی زیاتر لە 20 مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن و ناوچە فەلەستینییەکەیان وێران کردووە.
دۆخی مرۆیی غەززە رۆژ دوای رۆژ لەژێر گەمارۆی تووندی ئیسرائیلدا خراپتر دەبێت.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە 18ی ئادارەوە، واتە لەو کاتەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی شکاندووە، 5 هەزار و 139 کەس کوژراون و کۆی گشتیی کوژراوان لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 55 هەزار و 432 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ