رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، تیمێکی بەهاناوەچوون و دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێن بووانیان لە کەرتی غەززە، گەیشتوونەتە قەتەر و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی حکومەتی ئیسرائیلن بۆ چوونە نێو کەرتەکە.
رۆژی هەینی، 17ی تشرینی یەکەمی 2025 بەرپرسێکی حکومەتی تورکیا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "تیمێکی 81 کەس لە ئەندامانی ئافاد (ئاژانسی حکومەتی تورکیا بۆ گەڕان و بەهاناوەچوون) لەسەر سنوور [ی غەززەن] لە دیوی میسر". دەشڵێت، هێشتا روون نییە ئیسرائیل رێگە بەو تیمەیان دەدات بچنە غەززە یان نا.
ئەو بەرپرسە گوتیشی، تیمەکانیان سەگ و ئامێری پێویستیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان لەژێر دارووپەردووی غەززەدا پێیە.
ئیسرائیل سەرەتا رەزامەندی بە تیمێکی قەتەری دابوو. بەرپرسەکەی حکومەتی تورکیا دەڵێت: "هیوادارین کە تیمەکەی ئێمەش رێگەی چوونە ژوورەوەی پێبدرێت".
بەرپرسێکی حەماسیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەو تیمە تورکییە رۆژی یەکشەممە بتوانێت بچێتە نێو غەززەوە.
ئاژانسە تورکییەکە ئەزموونێکی باشی لە رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان و دۆزینەوەی کەسانی بێسەروشووێنبوودا هەیە، یەکێک لەوانە بوومەلەرزەکەی باشووری تورکیا بوو لە ساڵی 2023دا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 53 هەزار کەس.
تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە هێرشی زەوینی و مووشەک وەڵامیدایەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە، تەرمی لانیکەم 10 هەزار کەس لەژێر دارووپەردوو و خانووە رووخاوەکانی غەززەدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ