بەهۆی بەڵگەفیلمێک لەسەر غەززە، BBC سزا دەدرێت

17-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی چاودێریی میدیای بەریتانیا سزای بەسەر دەزگای میدیایی BBCدا سەپاند بەهۆی پەخشکردنی بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی رۆژانە لە کەرتی غەززە. هۆکاری سزاکە ئەوە بوو، دواتر دەرکەوت قسەکەرێکی نێو بەڵگەفیلمەکە، کوڕی جێگری وەزیری پێشووی کشتوکاڵی حەماس بووە، ئەمەش زانیارییەکی گرنگ بوو، کە لە بەڵگەفیلمەکەدا ئاشکرا نەکرابوو.
 
BBC پێشتر لە سەرەتای ئەم ساڵدا دانی نا بە بوونی "کەموکوڕییەکی جددی" لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی "غەززە: چۆن لە ناوچەیەکی جەنگدا دەژیت" و بە فەرمی داوای لێبووردنی کرد.
 
لە ئەنجامی گوشار و کاردانەوەکاندا، دەزگاکە بەڵگەفیلمەکەی لەسەر پلاتفۆرمی خۆی لابرد.
 
کەناڵی بی بی سی، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بەریتانی Hoyo Films، کە بەرپرسیار بووە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە، هاوبەشە لەو کەموکوڕییە "قبووڵنەکراوانەدا" و جەختی کردەوە کە دەبوو وردبینیی زیاتر لە پرۆسەکەدا بکرایە.
 
دەستەی چاودێری میدیای بەریتانیا رایگەیاند، بەرنامەکە پێشێلکارییەکی جددیی یاسای پەخشکردنی کردووە.
 
هەروەها دەستەکە گوتی، "پاراستنی بێلایەنی و شەفافیەت بەتایبەتی بۆ دەزگایەکی خزمەتگوزاریی گشتیی گرنگ وەکو بی بی سی زۆر پێویستە."
 
دەستەکە، روونیکردەوە وەکو سزایەک و بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە ستانداردەکان، پێویستە لەسەر بی بی سی، راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی دەستەی چاودێرییەکە لە یەکێک لە کەناڵە سەرەکییەکانی خۆیدا پەخش بکات.
 
بی بی سی رایگەیاند، بڕیار و دەرەنجامەکانی دەستەی چاودێری میدیای بەریتانیای بە تەواوی پەسند کردووە، چونکە بەڵگەفیلمەکە، کە لە سەرەتادا لە 17ی شوباتی ئەمساڵ پەخشکرا، پەیوەندیی بنەماڵەیی قسەکەرێکی لەگەڵ بەرپرسێکی حەماس ئاشکرا نەکردبوو، کە ئەمەش بەپێی یاسای رۆژنامەوانی پێویست بوو.
 
دەزگاکە، دڵنیایی دا و گوتی، "ئێمە پێشتر داوای لێبووردنمان لەسەر ئەم کەمتەرخەمییە کردووە و بڕیارەکەی دەستەی چاودێری بە تەواوی پەسند دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە