حەماس پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی تەرمەکان دووپات دەکاتەوە

17-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەماس دەڵێ، پابەندە بە گەڕاندنەوەی تەرمی هەموو ئەو بارمتانەی لە غەززەن، ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسێکی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، تیمە تایبەتمەندەکانی وڵاتەکەی کە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان نێردراون، رۆژی هەینی چاوەڕێی رێگەپێدانی ئیسرائیل بوون بۆ چوونە نێو غەززە.
 
لە وەڵامی داواکارییەکی حەماسدا بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی تەرمی 19 بارمتە کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر فەلەستینی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە، ئەنقەرە تیمێکی تایبەتمەندی ناردووە بۆ ئەوەی لە گەڕاندا یارمەتییان بدات.
 
بەرپرسێکی تورکیا رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دەیان پسپۆڕی بەدەمەوەچوونی کارەساتە سرووشتییەکان لە سنووری میسرن و چاوەڕێی رەزامەندیی حکومەتی ئیسرائیلن بۆ چوونە نێو غەززە. 
 
تیمەکەی دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) کە لە 81 ئەندام پێکدێ، ئامێری تایبەتمەندی گەڕان و رزگارکردنیان پێیە، لەوانەش ئامێری دۆزینەوەی تەرم و سەگی راهێندراوی گەڕان.
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "تاوەکو ئێستا روون نییە کەی ئیسرائیل رێگە بە تیمی تورکیا دەدات بچنە نێو غەززە."
 
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نێوەندگیری بۆ کردووە، حەماس 20 بارمتەی رزگاربوو و تەرمی 9 لە 28 بارمتەی گەڕاندەوە.
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد کرد و هێرشەکانی خۆی راگرت.
 
سەرچاوەیەکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێ شاندی تورکیا تاوەکو رۆژی یەکشەممە بچێتە نێو غەززە.
 
بەرپرسەکەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کرد ئەرکی ئاڵۆزی تیمی رزگارکردنەکە بریتییە لە دۆزینەوەی تەرمی فەلەستینی و بارمتەکان.
 
'رەنگە کاتی بوێ'
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە سوورە لە "دڵنیابوونەوە لە گەڕاندنەوەی تەرمەکان،" دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی هۆشداریدا کە ئەگەر حەماس سەرکەوتوو نەبێ لەو کارەدا، سوپا هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە.
 
دواتر حەماس جەختی لە "پابەندبوونی بە رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی، لەوانەش هەوڵەکانی بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی هەموو ئەو کەسانەی ماون" کردەوە.
 
بەڵام گوتی، ئەو پڕۆسەیە "رەنگە کاتی بوێ، چونکە هەندێک لەو تەرمانە لە تونێلە وێرانکراوەکاندان، لەکاتێکدا هەندێکی دیکەشیان لە ژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانانەدان کە وێران کراون."
 
ترەمپ رۆژی چوارشەممە داوای دانبەخۆداگرتنی کرد سەبارەت بە گەڕاندنەوەی تەرمەکان، جەختی لەوە کردەوە کە حەماس "لێکۆڵینەوە و گەڕانی راستەقینە" بۆ پاشماوەی بارمتەکان دەکات.
 
رێککەوتنی ئاگربەستەکە تاوەکو ئێستا جەنگەکەی وەستاندووە.
 
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە، نزیکەی سێ هەزار تۆن هاوکاریی خۆراکی گەیاندووەتە غەززە، بەڵام هۆشداریدا کە رزگاربوون لە دۆخی برسێتی لە کەرتی غەززە کاتی دەوێ و گوتی، پێویستە هەموو دەروازەکان بکرێنەوە بۆ "بڕێکی زۆر لە خۆراک بۆ غەززە."
 
پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ غەززە، داوای دابینکردنی هاوکاریی نوێ دەکات، لەکاتێکدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کردنەوەی دەروازەی رەفەح لە باشووری غەززە دەکەن.
 
تۆم فلێچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی چووە غەززە و چاودێری کاروانێکی هاوکاری کرد کە لە دەروازەی کەرەم سالمی ئیسرائیلەوە بەرەو رەفەح دەچوو.
 
ئەو بەرپرسە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "چەند مانگێک بوو داوای ئەم دەستگەیشتنەمان دەکرد و دواجار دەبینین کاڵاکان بە قەبارەیەکی زۆر دەگوازرێنەوە: خۆراک، دەرمان، چادر، سووتەمەنی، ئەمڕۆ بڕێکی زۆر سووتەمەنی گەیشت."
 
قۆناخەکانی داهاتووی ئاگربەستەکە، بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، بریتین لە چەکداماڵینی حەماس، دەرکردنی لێبووردن بۆ ئەو سەرکردانەی حەماس چەکەکانیان دادەنێن و دامەزراندنی حکومەتێک بۆ غەززەی دوای جەنگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.