رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی دادوەریی لوبنان دەڵێ، رۆژی هەینی دادوەرێک بڕیاری ئازادکردنی هانیباڵ قەزافی، کوڕی موعەممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووتری لیبیای بە کەفالەت دەرکرد، دوای ئەوەی نزیکەی دەیەیەک بوو بێ دادگاییکردن دەستبەسەر بوو.
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ هانیباڵ قەزافی، دادوەر بڕیاریدا "بە کەفالەتی 11 ملیۆن دۆلار و قەدەخەی گەشتکردن" ئازاد بکرێ.
دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان لە ساڵی 2015 ئەو کوڕەی قەزافییان دەستگیرکرد و تۆمەتباریان کرد بە شاردنەوەی زانیاری لەبارەی دیارنەمانی ئیمام موسا سەدر، سەرکردەی شیعەکانی لوبنان، کە نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر و لە کاتێکدا هانیباڵ منداڵ بوو، روویدا.
لۆرێنت بایۆن، پارێزەری هانیباڵ قەزافی بە فرانس پرێسی گوت: "ئازادکردن بە کەفالەت لە دۆسیەیەکی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیدا بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێمە تانە لە بڕیارەکە دەدەین."
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هانیباڵ "لەژێر سزای نێودەوڵەتیدایە" و ناتوانێ ئەو بڕە پارەیە بدات؛ گوتیشی "دەتانەوێ لە کوێوە 11 ملیۆن دۆلار بهێنێت؟"
موسا سەدر، دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئەمەل لە ساڵی 1978 لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ لیبیا، لەگەڵ یاریدەدەرێک و رۆژنامەڤانێکدا دیارنەما.
بەیرووت، موعەممەر قەزافی کە لە ساڵی 2011 بە راپەڕینێک لەسەر دەسەڵات لابرا و کوژرا، بە بەرپرسیار دەزانێ لە دیارنەمانیان و لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزە.
هانیباڵ قەزافی کە هاوژینی مۆدێلێکی لوبنانییە، رایکردبووە سووریا. لە کانوونی دووەمی 2015 لەلایەن چەکدارێکەوە رفێندرا و بردرایە لوبنان، لەوێش دەزگا ئەمنییەکان دەستگیریان کرد.
مانگی ئاب، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای لە لوبنان کرد دەستبەجێ هانیباڵ قەزافی ئازادبکات و رایگەیاند، لەسەر "تۆمەتی بێ بنەما کە گوایە زانیاری لەبارەی سەدرەوە شاردووەتەوە" بەهەڵە زیندانی کراوە.
ئەم مانگە، بایۆن هۆشداری دا لەبارەی خراپیی تەندروستیی کوڕەکەی قەزافی و داوای ئازادکردنی کرد.
نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کە لە سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی ئەمەلدا شوێنی سەدری گرتەوە، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی لیبیای بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە پرسی دیارنەمانی سەدردا هاوکاری ناکەن. لیبیا تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ