رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، دەیانەوێت بە کەمترین زیان کاری غەززە تەواو بکەن بەڵام دەڵێت: "بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووین". دەشڵێت: "مەرگی هەموو کەسێک تراژیدیایە، هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل."
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا گوتی، "سوپای ئیسرائیل هەوڵیدا بە کەمترین زیان کارەکەی تەواوبکات، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی."
لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو گوتی: "مەرگی هەموو کەسێکی سڤیل تراژیدیایەکە، نابێت کەس بمرێت. ئێمە هەموو شتێک دەکەین خەڵک لە مەترسیی لابدەین و حەماسیش هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی خەڵک لە ناوچەی شەڕ و مەترسی بهێڵێتەوە."
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی خەڵک پێش هێرش و بۆردوومانەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە هەموو کات نامیلکە دەنێرین، تەلەفۆنیان بۆ دەکەین و ئاگاداریان دەکەینەوە دەڵێین؛ بڕۆن."
لەبارەی دۆخی غەززە لەدوای شەڕ، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە ناتوانین هیچ بۆشاییەک لە غەززە بەجێبهێڵین، ئیسرائیل دەبێت هێزێکی زۆر بەهێزی لە غەززە هەبێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو گرووپە ئەو کەرتە بەڕێوەنەبەن."
رۆژی شەممە، 11-11-2023، پرسیار لە نەتەنیاهوو کرا، ئایا دەسەڵاتی فەلەستین کە کەرتی رۆژئاوا بەڕێوەدەبات، لە دوای جەنگ غەززەش بەڕێوەدەبات؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێویستە شتێکی دیکە هەبێت. هیچ حکومەتێکی سڤیل لەوێ نابێت کە منداڵەکانیان لەسەر رقبوونەوە لە ئیسرائیل، کوشتنی ئیسرائیلییەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل، پەروەردە بکەن."
بەهۆی جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل نزیکەی 12 هەزار و 670 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 34 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوونە.
هەروەها بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و ئەو مووشەکانەی لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزاری دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ