رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تایبەت بە گەیاندن و پەیوەندییەکانی کەرتی غەززە "هەنگاو بە هەنگاو" چاککردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، کۆمپانیای پالتێلی تایبەت بە پەیوەندی و گەیاندن لە فەلەستین بڵاویکردەوە، "دەمانەوێت رایگەیەنین کە خزمەتگوزاریی گەیاندن هەنگاو بە هەنگاو لەژێر چاککردنەوەدایە. تیمە گەڕۆکەکانمان توانیان دەستیان بە زیان و پچڕانە سەرەکییەکانی هێڵەکان بگات و چاکیان بکەنەوە."
کۆمپانیاکە هەروەها ئاشکرای کردووە، "تیمەکانمان چەندین رۆژ بوو لە چەندین هەوڵی چاککردنەوە سەرکەوتوو نەبوون."
هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی یەکەمجار لە 27-10-2023 بۆ ماوەی دوو رۆژ پچڕان و هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین لە جیهانی دەرەوە دابڕان؛ تەنیا ئەو کەسانەی کە سیمکارتی نێودەوڵەتی یان مۆبایلی سەتەلایتییان هەبوو، دەیانتوانی پەیوەندی بە دەرەوە بکەن.
دوای دوو رۆژ لە نەمانی پەیوەندییەکان، هەمان کۆمپانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "هەنگاو بە هەنگاو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بەردەست دەبنەوە."
رێکخراوی مانگی سووری فەلەستین رایگەیاند، نەمانی ئەو هێڵانە کاریگەریی هەبووە لەسەر پەیوەندییە فریاگوزارییەکان. بزووتنەوەی حەماسیش، ئەوکاتە ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەمەبەست ئەو پەیوەندییانە دەبڕێت بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات.
رۆژی شەممە، 28-10-2023، ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ستارلینک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پشتگیریی کۆمپانیاکەی بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی غەززە راگەیاند.
دواتر لە 1-11-2023 کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد، "جارێکی دیکە خەڵکی غەززە لەو پەیوەندییانە بێبەش دەبن."
لەبارەی زیانەکانی نەمانی پەیوەندییەکان کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان رۆژی 10-12-2023، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "میدیاکارە فەلەستینییەکان لە غەززە لە دۆخێکی خراپدا رووماڵ دەکەن و "ئەوان جگە لە لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکانیان و ماڵەکانیان، دووچاری قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە و ترسناک بوونەتەوە. ئەوان لە دۆخی سەختی نەبوونی ئاو، خۆراک، کارەبا و گەمارۆی تەواودا دەژین؛ هەروەها بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندییەوە ناتوانن زانیاری و راپۆرتەکانیان بگەیەنن".
کۆمپانیای پالتێل، گەورەترین و تاکە کۆمپانیای پەیوەندییە لە فەلەستین کە لە ساڵی 1995 دامەزراوە.
بەرپرسانی کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە دەسەڵاتی دەستەبەرکردنی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانیان لەو دوو ناوچەیە نییە، بەڵکو ئیسرائیل کۆنترۆڵی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان دەکات، ئەوەش لەبەر ئەوەی کێبڵەکانی ئەو دوو ناوچەیە بەنێو خاکی ئیسرائیلدا تێدەپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ