ماکرۆن: کۆنفرانسێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان سازدەکەین

18-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا پاریس کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ "ئاوەدانکردنەوەی لوبنان" سازدەکات. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە بەیرووت لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، ماکرۆن گوتی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی بۆ پشتیوانییەکی بەرفراوان ئامادە بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووری"ی لوبنان. 
 
دوای زیاتر لە دوو ساڵ چەقبەستنی سیاسی، 9ی کانوونی دووەم، عەون بە سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا و ئەویش نەواف سالمی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستنیشانکرد. 
 
ماکرۆن گوتی: "لە نێوەڕاستی زستاندا بەهار هات"؛ هەروەها روویکردە هاوتاکەی و پێی گوت: "ئێوە ئەم هیوایەن."
 
سەرۆکوەزیرانی نوێ رووبەڕووی ئەرکی گەورەی پێکهێنانی حکومەت دەبێتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان بکات لە دوای جەنگی وێرانکەری نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کە تشرینی دووەم کۆتایی هات. کارێکی دیکەی حکومەتەکە جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان دەکات. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەیرووت، ماکرۆن گوتی، بڕوای وایە "لە رۆژانی داهاتوودا" حکومەتێک پێکبهێندرێت. 
 
سەلام کە پێشتر دادوەری سەرەکیی دادگەی نێودەوڵەتیی داد بووە، رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەل هەموو پارتە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ "ئەرێنین."
 
ماکرۆن داوای خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای کرد لە باشووری لوبنان، کە لە مانگی تشرینی دووەم واژۆ کرابوو.
 
دوایین وادەی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە 26ی ئەم مانگەیە. 
 
ماکرۆن گوتی: "ئەنجام هەبووە، بەڵام دەبێت خێراتر و درێژخایەنتر بن. پێویستە هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی بکشێنەوە" و هەموو چەکی لوبنانیش تەنیا بە دەست سوپای فەرمییەوە بێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە