UN: لەدوای رووخانی ئەسەد نزیکەی 200 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

18-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە، نزیکەی 200 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی فیلیپۆ گراندی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردوونەتەوە، لەنێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 16ـی کانوونی دووەمی 2025، نزیکەی 195 هەزار و 200 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
گراندی نووسیویەتی "بەمزووانە سەردانی سووریا و وڵاتە دراوسێکانی دەکەم، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران هاوکارییەکانی بۆ پەنابەرە گەڕاوەکان و خەڵکی خۆجێیی زیاد دەکات."
 
سەدان هەزار سووریایی ساڵی رابردوو لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا، لوبنانیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان. ئەمەش پێش ئەوە بوو کە گرووپە ئیسلامییەکان لە هێرشێکی خێرادا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بڕووخێنن و هیوای کۆتاییهێنان بە شەڕێکی 13 ساڵە ببووژێننەوە کە نیو ملیۆن کەسی تێدا کوژرا و ملیۆنانی دیکەش دەربەدەربوون.
 
تورکیا، سنوورێکی 900 کیلۆمەتری لەگەڵ سووریا دا هەیە، 2.9 ملیۆن پەنابەری سووریایی لەخۆگرتووە کە لەدوای ساڵی 2011ـەوە پەنایان بردووەتەوە بەر ئەو وڵاتە. 
 
دەسەڵاتدارانی تورکیا، هیوادارن بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دژایەتیکردنی سووریاییەکان لەنێو دانیشتووانی وڵاتەکەی کەمببێتەوە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە