رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەرپرسانی باڵای ئێران لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵادا بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "لە رێوڕەسمی پرسەی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، بەرپرسانی باڵای حکومەت و پەرلەمان و دەزگا جۆراوجۆرەکان و فراکسیۆنەکان و دامەزراوەکان ئامادە دەبن".
عێراقچی گوتی:" لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەییەکی گەورەمان دەبێت".
رۆژی 2-2-2025، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە دواخرابوو، لە 23ـی شوباتدا لە رێوڕەسمێکی "گەورە و گشتی"دا ئەنجام دەدرێت.
نەعیم قاسم گوتی: "حەسەن نەسروڵڵا لە پارچە زەوییەک لەنێوان رێگای کۆن و نوێی فڕۆکەخانە لە دەرەوەی بەیرووت بە خاک دەسپێردرێت."
نەسروڵڵای تەمەن 64 ساڵ بۆ ماوەی 32 ساڵ ئەمینداری حیزبوڵڵا بوو. لە دوای کوژرانی، هاشم سەفیەدین کرایە ئەمینداری بزووتنەوەکە، بەڵام ئەویش لە هێرشێکی دیکەی سوپای ئیسرائیل لە 3ـی ئۆکتۆبەردا کوژرا، سێ هەفتە دوای کوژرانی، لەلایەن سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە کوشتنەکەی پشتڕاستکرایەوە.
لەماوەی ساڵێکی جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دا، سوپای ئیسرائیل 19 سەرکردەی باڵای حیزبوڵڵای کوشت، 7ـیان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ