رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سەربازانی ئیسرائیل لەنزیک کەرتی غەززە لەکاتی تۆپبارانکردنی ناوچەکانی کەرتەکە دەستیان بە گوێیانەوە گرتووە. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ئاماری سەربازە کوژراوەکانی لە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەوەتەی هێرشی سەر غەززە دەستیپێکردووە 250 سەربازی ئیسرائیل لە جەنگی دژی بزووتنەوەی حەماس کوژراون.
رۆژی دووشەممە 18ی ئاداری 2024، سوپای ئیسرائیل لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکانی لە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی غەززە لە 27ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە، 250 سەربازی سوپا لە غەززە کوژراون."
بەپێی ئامارە سەربازییەکان، کۆی گشتیی ئەو سەربازە ئیسرائیلیانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون گەیشتووەتە 593 سەرباز.
سوپای ئیسرائیل ژمارەی بریندارەکانی بڵاوکردەوەتەوە و رایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 3،082 سەربازی ئیسرائیل برینداربوون، کە برینی 485یان قورسە.
چەند هەفتەیەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازاد کران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازاد کران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 31 هەزار و 645 کەس کوژراون و زیاتر لە 73 هەزار کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ