رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی پاکستان بۆ سەر ناوەندێکی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی بێهۆشکەرەکان لە کابوول، نزیكەی 400 کەس کوژراون. ئەمە بە خوێناویترین هێرش لە مێژووی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵاتەکە دادەنرێت.
هێرشەکە شەوی دووشەممە 16-03-2026 کرا و بووە هۆی تەختکردنی ئەو باڵەخانانەی کە بۆ چارەسەری ئاڵوودەبووانی حەشیش و هۆشبەرەکانی دیکە لە سەرانسەری ئەفغانستانەوە بەکاردەهێنران.
عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، 408 کەس کوژراون و 265 کەسیش بریندارن.
شەرەفات زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان گوتی: "ئامارەکان کۆتایی نین، چونکە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیكەی 400 شەهید و زیاتر لە 200 بریندارمان هەیە."
پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس گواستنەوەی 30 تەرمیان لە شەوی رووداوەکە و 65 تەرمی دیکەیان لە رۆژی سێشەممەدا بینیوە، کاتێک تیمەکان خەریکی گەڕان بوون لە ناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا.
عەتائوڵڵا تەرار، وەزیری زانیاریی پاکستان بانگەشەکانی ئەفغانستانی بە "تەواو بێ بنەما" وەسف کرد و لە پۆستێکی ئێکسدا نووسی: "هیچ نەخۆشخانە یان ناوەندێکی مەدەنی نەکراوەتە ئامانج. ئامانجەکان ژێرخانی سەربازی و تێرۆریستی بوون، لەوانە کۆگەی تەقەمەنی و شوێنی حەوانەوەی ئەو گرووپانەی هێرش دەکەنە سەر پاکستان." تەرار گوتیشی، شەش هێرشەکەی رۆژی دووشەممە "پیشەگەرانە و ورد" بوون.
ئومێد ستانیکزای، پاسەوانێکی ناوەندەکە گوتی: "دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانمان دەبیست. کاتێک یەکە سەربازییەکانمان تەقەیان لە فڕۆکەکە کرد، فڕۆکەکە بۆمبی خستە خوارەوە و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە."
حەبیبوڵڵا کابوڵبای، کە بە دوای براکەیدا دەگەڕا بە گریانەوە گوتی: "ناتوانم بیدۆزمەوە. ئێمە بێدەسەڵاتین. ئەمە نەک هەر بەسەر من، بەڵکو بەسەر هەموو ئەفغانستاندا هاتووە."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و خێرا و سزادانی بەرپرسانی ئەم هێرشەی کرد.
یان ئیگێلاند، سەرۆکی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی گوتی، کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر سڤیلەکان بینیوە و گوتی نابێت هەرگیز شوێنی مەدەنی بکرێتە ئامانج.
مانگی سووری نێودەوڵەتی ICRC کەرەستەی پزیشکیی بەپەلەی بۆ چارەسەری سەدان بریندار گەیاندووەتە کابوول.
چین بەڵێنی دا رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت، لە کاتێکدا هیندستان هێرشەکەی بە "کارێکی ترسنۆکانە" وەسف کرد.
یەکێتیی ئەورووپا داوای لە هەردوو وڵات کرد دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشەکەی کابوولی بە "هەڵکشانێکی نوێ و کوشندە" وەسف کرد.
ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان شەوی سێشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی جەنگی ناوێت، بەڵام بەردەوام دەبن لە "رێکاری بەرگریی رەوا" تاوەکو پاکستان کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی دەهێنێت.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMA) پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەنیا پێش ئەم هێرشە، لانیکەم 76 سڤیل لە ئەفغانستان بەهۆی پێکدادانە سنوورییەکان لە 26ـی شوباتەوە کوژراون. ئێستا بەم کارەساتە نوێیە، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ