رووداو دیجیتاڵ
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند دوای پەلاماردانی بنکە سەربازییەکەیان لە باکووری سووریا، 12 کەس کە ئەو بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، گیانیان لەدەستداوە.
لە پرۆگرامێکی تایبەتی خوانی بەربانگدا لە پارێزگای قەیسەری، ئێوارەی دووشەممە (17-4-2023) خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە گرژییەکانی یەکشەممەی رابردووی عەفرین کرد.
ئاکار رایگەیاند یەکشەممەی رابردوو هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە عەفرین و، گوتی "ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی دوای پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سووریا کوژراون، گەیشتووەتە 12 کەس".
خولووسی ئاکار سەرنجی خستە سەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان و رایگەیاند "تاکە رێگەیەک لەبەردەم تیرۆریستاندا ماوەتەوە ئەوەیە، خۆیان رادەست بکەنەوە".
یەکشەممەی رابردوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە لە عەفرینی باکووری کوردستان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هێرشی کردووەتە سەر بنکەی سەربازانی تورکیا و لە ئاکامدا چوار سەرباز بریندار بوون. لە هەمان کاتدا میدیای نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا گوندەکانی ئەلقەمیە، مەرەناز، تاتمەراش، شەوارخێ، مالیکیە و ئیرشادییەی سەر بە شارۆچکەی شەرا لە عەفرین بۆردوومان کرد بەهەمان شێوە فڕۆکەخانەی مرغی کردووەتە ئامانج.
تورکیا لە 2016ـوە تائێستا، سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەزاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
تورکیا هەروەها رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی چڵەزەیتوون لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، شەڕڤانان ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ