ئەمریکا و بەریتانیا سزای زیاتر بەسەر پیشەسازیی درۆنی ئێراندا دەسەپێنن

18-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا و بەریتانیا لە بەرامبەر هێرشەکەی 13 نیسان بۆ سەر ئیسرائیل، سزای زیاتر بەسەر پیشەسازیی درۆنی ئێراندا دەسەپێنن و 16 کەسایەتی و دوو دامەزراوەی دیکەی ئەو وڵاتە دەخەنە لیستی سزاکانیانەوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، 16 کەسایەتی و دوو دامەزراوەی ئێرانییان خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە دەستیان لە دروستکردنی بزوێنەری ئەو درۆنانەدا هەبووە کە لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا بەکارهێنرابوون. بەریتانیاش سزای بەسەر ژمارەیەک دامەزراوەی سەربازی و کەسایەتیی ئێراندا سەپاند کە رۆڵیان لە پیشەسازیی درۆن و بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئەو وڵاتەدا هەیە. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئێران یارمەتیی ئیسرائیلیانداوە، گوتیشی: "ئێستاش بە سەپاندنی سزا و کۆتوبەندی نوێ بەسەر ئێراندا، ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە."

بایدن دەشڵێت: "تیمەکەم راسپاردووە بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە سەپاندنی سزا بۆ ئەوەی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران زیاتر لاوازبکەن،" ئاماژە بەوەش دەکات کە "بۆ زیادکردنی گوشاری ئابووری لەسەر ئێران" پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان هەنگاو دەنێن.
 
جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی سزاکانمان بۆ ئەوەی لە رۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا بە هەنگاوی زیاترەوە بەرەنگاری ئێران ببینەوە."
 
هەنگاوەکە دوای هۆشداریی ئەم هەفتەیەی بەرپرسانی واشنتن دێت بەوەی کە بۆ رێگریکردن لە هێرشی زیاتر و جموجوڵەکانی ئێران لە ناوچەکە، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن. 
 
سوپاسالاری ئیسرائیل رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەدەنەوە. بەڵام سەرکردەکانی جیهان دژی تۆڵەسەندنەوە هۆشداری دەدەن بۆ ئەوەی ململانێکە فراوانتر نەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپاش رایانگەیاند، سزاکانی سەر ئێران زیاتر دەکەن، بە تایبەتیش بۆ لەجووڵەخستنی هەناردەی درۆن و مووشەکی ئێرانی بۆ غەززە، یەمەن و لوبنان. 
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی، یەکێتیی ئەوروپا گەمارۆیەکانی قورستر و فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی تاران سزابدات و رێگری لە هێرشی زیاتری بۆ سەر ئیسرائیل بکات. لە هەمان کاتدا، گوتی، ئیسرائیلیش پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت. 
 
ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەی کە ئەمریکا و بەریتانیا سزایان بەسەردا سەپاندوون، گەشتکردنیان بۆ هەردوو وڵاتەکە لێ قەدەخەدەکرێت، هەموو سامانێکیان لە بانکەکانی هەردوو وڵاتەکەدا سڕ دەکرێت و ناشتوانن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هاووڵاتی و دامەزراوە ئەمریکی و بەریتانییەکاندا بکەن. 
 
لە پاڵ ئەوانەی لە کەرتی درۆنی سەربازیدا سزادراون، پێنج کۆمپانیای دیکەش کە کەرەستەیان بۆ کۆمپانیای ئاسنی خوزستان دابینکردووە، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە. 
وەزارتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، کۆمپانیای خوزستان "سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی ئێرانە."
 
هەروەها سێ کۆمپانیای سەر بە بەهمەن گرووپ و خودی گرووپە ئێرانییەکەش خراونەتە لیستەکەوە لە بەرامبەر ئەوەی "یارمەتیی ماددیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دابینکردووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "با بۆ هەموو ئەوانەی یارمەتی و پشتیوانیی لە هێرشەکانی ئێران دەکەن روون بێت: ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیل. ئێمە پابەندین بە پاراستنی ئاساییشی هێزەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە. ئێمە دوودڵیش نابین لە گرتنبەری هەموو رێکارێکی پێویست بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەرپرسیارێتیتان بکەینەوە."

یێڵن دەڵێت: "پار سزامان بەسەر زیاتر لە 600 کەسایەتی و دامەزراوەدا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە جموجوڵە تیرۆرستییەکانی ئێران، پێشێلکارییەکانی لە دژی مافی مرۆڤ و پارەدارکردنی حەماس، حووسییەکان، حیزبوڵڵا و گرووپە میلیشیاکانی عێراقەوە هەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

نەتەنیاهوو: لە رەفەح کارەساتی مرۆیی رووینەداوە و رووشنادات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت شەڕ دەکەن و یارمەتیی خەڵکی رەفەحیش دەدەن. دەشڵێت تاوەکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان لە ناوچەکانی شەڕی شاری رەفەح دوورخستووەتەوە و "هیچ کارەساتێکی مرۆیی رووینەداوە."