رووداو دیجیتاڵ
رەنگە ئەنجامی کۆتایی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە وەڵامی پرسیارێکی سادە یەکلایی بێتەوە: چەند مووشەکی بالیستی لە کۆگەکانی ئێراندا ماونەتەوە؟ ئەم ژمارەیە دیاری دەکات کە ئایا تاران دەتوانێت لە شەڕ بەردەوام بێت یان ناچار بە دانوستاندن دەبێت؟
زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل و شیکاریی شارەزایان دەریدەخەن کە ئێران لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا نزیکەی 700 مووشەکی بالیستیی مامناوەندی (MRBM)ـی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەمەش لەنێوان 300 بۆ 1300 مووشەک لە کۆگاکانیدا ماوەتەوە.
ئەم یەدەگەی کە ماوەوەتەوە بووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی پێنج رۆژی رابردووی ئیسرائیل؛ هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) دەڵێن، لانیکەم سێیەکی سەکۆی مووشەکە زەوین بە زەویینیەکانیان کردوونەتە ئامانج کە مووشەکە بالیستییە مامناوەندەکان هەڵدەدەن، ئەمەش ئەگەری هەیە "توانای ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل زیاتر کەم بکاتەوە."
شیکەرەوەکان دەڵێن، "کەمبوونەوەی کۆگەی چەکەکانی رەنگە ئارەزووی ئێران بۆ دانوستاندن و دەرچوون لە ململانێکە زیاتر بکات و هاوکات هێرشەکەی ئیسرائیلیش لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بکات."
خەمڵاندنی کەمی باوەڕپێکراو بۆ کۆگەکانی چەکی ئێران هەیە، هەرچەندە ژەنەراڵ کینێس مەکێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ساڵی 2023دا گوتی کە ئێران زیاتر لە 3000 مووشەکی جۆراوجۆری هەیە.
بەهنام بێن تالەبلو، توێژەری باڵا لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی، رایگەیاندووە کە رەنگە 1000 بۆ 2000 لەو مووشەکانە مامناوەند بن و توانای بڕینی 1400 کیلۆمەتری نێوان ئێران و ئیسرائیلیان هەبێت.
بە گوێرەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، ئێران 120 مووشەکی بالیستیی مامناوەندی لە هێرشەکەی 13ی نیسانی ساڵی رابردوودا بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهێناوە، 200ی دیکەی لە 1ی تشرینی یەکەم و کۆی گشتی 380 مووشەکیشی لە پێنج رۆژی رابردوودا بەکارهێناوە.
بێن تالەبلو پێی وایە ئەمە رەنگە وایکردبێت ئێران 1300 مووشەکی بالیستیی مامناوەندی بۆ مابێتەوە. دکتۆر ئەیال پینکۆ، ئەفسەری خانەنشینی هەواڵگریی دەریایی ئیسرائیل کە ئێستا توێژەری باڵایە لە سەنتەری بێگن-سادات بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوان [ئێران] لە چوار رۆژی رابردوودا نزیکەی 400 بۆ 500 مووشەکیان تەقاندووە و ئیسرائیلیش بەشێک لەو کۆگایەی لەناوبردووە کە هەیانبوو، پێموایە ئێستا 800 بۆ 700یان ماوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان کە هێرشێکی پێشووی ئیسرائیل زیانی لە ئێران داوە. سوپاسالاری بەریتانیا، ئادمیرال تۆنی رادکین، دەڵێت، "تەنیا لە یەک هێرشدا 100 فڕۆکەی ئیسرائیلی توانیویانە، نزیکەی تەواوی بەرگریی ئاسمانیی ئێران تێکبشکێنن. ئەو هێرشە وایکردووە کە ئێران بۆ ماوەی ساڵێک توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی نەمێنێت."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی هەینی لە کاتی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلدا گوتی، ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بۆ 300 مووشەک لە مانگێکدا خێرا کردووە، کە دەتوانێت لە ماوەی شەش ساڵدا ژمارەیان بگاتە 20,000. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پێشکێش نەکرد.
ئەیال پینکۆ دەڵێت، هێرشەکانی ساڵی 2024ـی [ئیسرائیل] "دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی بزوێنەری مووشەکە بالیستییەکانیان" لە ئێران لەناوبردووە، بەمەش دابینکردنی مووشەکی لەو وڵاتە سنووردار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ