رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل و ئێران رۆژی چوارشەممە، لە شەشەمین رۆژی هێرشەکاندا لە چڕترین رووبەڕووبوونەوەی مێژوویاندا، دیسان هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، ئەمەش ترسەکانی درێژبوونەوەی جەنگەکە کە رەنگە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە، زیاد دەکات.
زنجیرەیەکی نوێی مووشەک
سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، هەڵدانی مووشەکی نوێی لە ئێرانەوە بەدیکردووە، گوتیشی سیستمی بەرگرییەکەی بەرپەرچی دانەوە.
ئەم راگەیێنراوە دوای ئەوە هات، ئێران ئاگادارییەکی چۆڵکردنی بۆ دانیشتووانی شاری حەیفای ئیسرائیل دەرکرد.
هاوکات، مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، پلانی بۆ گواستنەوەی ئەمریکییەکان لە رێگەی ئاسمان و دەریاوە راگەیاند.
پچڕانی تەواوەتیی ئینتەرنێت
رێکخراوی چاودێریی نێتبلۆکس کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (X) نووسی، ئێران نزیکە لە "پچڕانێکی تەواوەتیی ئینتەرنێت" لە وڵاتەکەدا.
ئێران هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، لەکاتی جەنگەکە سنووردارکردنی کاتی دەخاتە سەر ئینتەرنێت و رۆژی چوارشەممە سنووردارکردنەکەی قورستر کرد.
وەزارەتی پەیوەندییەکان لە راگەیێندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، گوتی سنووردارکردنەکان بەهۆی "خراپ بەکارهێنانی تۆڕی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ مەبەستی سەربازی" سەپێندراون.
ژمارەیەکی زۆر ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشن لەکارکەوتوون.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رۆژی سێشەممە داوای لە ئێرانییەکان کرد ئەپڵیکەیشنی واتسئەپ لە تەلەفۆنەکانیان بسڕنەوە، بە تۆمەتی ئەوەی کە "شوێنی بەکارهێنەران و زانیارییە کەسییەکان کۆدەکاتەوە و بۆ دووژمنی زایۆنی دەیانگەیەنێت."
گوتەبێژێکی واتسئەپ وەڵامی بانگەشەکانی دایەوە و گوتی: "نیگەرانین کە ئەم راپۆرتە ناڕاستانە ببنە بیانوو بۆ بلۆککردنی خزمەتگوزارییەکانمان لە کاتێکدا کە خەڵک زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان پێیەتی."
ترەمپ لەبارەی هێرش و دانوستاندنەوە
دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تاران پەیوەندیی کردووە و داوای دانوستاندنی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە. گوتی: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەشیکەم."
لەبارەی هێرشیش ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم. مەبەستم ئەوەیە، کەس نازانێت من چی دەکەم. دەتوانم ئەمەتان پێ بڵێم، کە ئێران کێشەی زۆری هەیە و دەیانەوێت دانوستاندن بکەن."
ترەمپ گوتی، ئێران تەنانەت پێشنیازی ناردنی بەرپرسانی بۆ کۆشکی سپی کردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و کۆتاییهێنان بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بەڵام گوتی "زۆر درەنگە." کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا بۆ دانوستاندن زۆر درەنگە، گوتی: "هیچ شتێک زۆر درەنگ نییە."
ئیسرائیل: بارەگای 'بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس'مان خاپوور کرد
ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی "بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی" ئێرانیان خاپوور کردووە.
خامنەیی هۆشداری دەداتە ئەمریکا
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، گەلەکەی "هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات"، هاوکات هۆشداریی دایە ئەمریکا کە "زیانی قەرەبوونەکراوە"ی بەردەکەوێت ئەگەر دەستوەردان بکا."
ترەمپ رۆژی سێشەممە گوتی، ئەمریکا دەزانێت خامنەیی لە کوێیە بەڵام "بۆ ئێستا" نایکوژێت.
ژمارەی قوربانییەکان لە بەرزبوونەوەدایە
هێرشەکانی ئیسرائیل بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی دەوروبەری ئێران و ناوچە سڤیلنشینەکانی کردووەتە ئامانج. ناوچە سڤیلنشینەکانی ئیسرائیلیش کراونەتە ئامانج و حکومەتە بیانییەکان هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانیان چڕکردووەتەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لانیکەم 24 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 224 کەس، کە فەرماندەی سەربازی، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی سڤیلیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ